کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان

09:32 - 17 رەزبەر 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی هێمن کرمانج، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، ناوبراو هەروا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' هێمن کرمانج، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥ مانگ لە بەندکرانی، چارەنووسی هەروا ناڕوونە و ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە دانەوەی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی هێمن کرمانج بە بنەماڵەکەی، خۆیان بواردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

هێمن کرمانج، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی "یاسیکەند"، سەر بە بۆکان، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگوێزرا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.