کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی حەماس لە غەزە

11:05 - 17 رەزبەر 2723

ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ لەسەر ١٧ی ڕەزبەر، زیاتر لە ٥٠٠ شوێنی  پێوەندیدار بە حەماس لە غەززە بۆردومان کردووە.

 بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتشی ئیسرائیل، هێزە تایبەتەکان چوونەتە نێو ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی چوار شوێن کە تا ئێستا هێزەکانی حەماس تێیدا ئامادەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەر، دەوڵەتی ئیسرائیل بە فەرمی دۆخی شەڕی ڕاگەیاند و چرای سەوزی بۆ "کردەوەی سەربازیی بەرفراوان" بۆ ئەرتەشی ئەو وڵاتە هەڵ کرد.

دوایین ئاماری ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی ٧٠٠ کەسی تێپەڕاندووە. هەروەها دوو هەزار و ١٥٠ ئیسرائیلی بریندار بوون.

لە بەرامبەردا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە زیاتر لە ٤٠٠ کەس کوژراون.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە کە ژمارەی دانیشتووانی غەزە کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاوارە بوون، گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢٣ هەزار کەس.

بەپێی ئاماری نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوو ڕۆژی یەکەمی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لانیکەم ١٥٩ خانو و باڵاخانە لە ناوچە جیاجیاکانی غەزە وێران بوون و هەزار و ٢١٠ خانووی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە.