کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ ستریت ژورناڵ: هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە هاوئاهەنگی سپای پاسداران بووە

11:49 - 17 رەزبەر 2723

ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژورناڵ'' بڵاوی کردەوە، لە مانگی ئاگۆستی ئەمساڵی زایینی، سپای پاسداران و ئەندامانی حەماس و حیزبوڵڵا لە بەیروت چەندین کۆبوونەوەیان بۆ پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئەنجام داوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە بەشێک لەو کۆبوونەوانە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران و حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵلا و زیاد نەخالە سەرۆکی جیهادی ئیسلامی و ساڵح ئەلعاروری جێگری بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس، تێدا بەشدار بوونە.
ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری ئەندامانی باڵای حەماس و حیزبوڵڵا  بڵاوی کردەوە کە لەو کاتەوە سپای پاسداران بۆ پلاندانان بۆ هێرشە وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەکان بۆ سەر ئیسرائیل هاوکاریی حەماسی کردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە، چرای سەوز بۆ ئەم هێرشانە لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڕۆژی دووشەممەی حەتووی ڕابردوو لە بەیروت دراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کار لەسەر وردەکاری ئەو هێرشانه له چەندین کۆبوونەوه به ئامادەبوونی فەرماندەکانی سپای پاسداران و نوێنەڕی چوار گرووپی میلیشیا که لەلایەن کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی دەکران له پێتەختی لوبنان ئەنجام دراوه .