د. مەجید حەقی
فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدانی دەسەڵات بریتییە لە: "النصر منالخوف" سەرکەوتن لە ترسدایە. ئەمە بناغەی زۆربەی کردەوەکانی توندوتیژی ڕێژێمی تاران دژی ڕەخنەگران، ئۆپۆزیسیۆن و خەباتکاران و مافخوازانی جوغرافیای سیاسیی ئێرانە. دوای دەسپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بۆ ئەوەی ڕێژیم بتوانێت کۆنترۆڵی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی نێوخۆی وڵات بکات، پەنای بردووە بەر تێرۆری سایکۆلۆژی.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرلە ساڵڤەگەری کوژرانی ژینا بەدەست ڕێژیمی ئێران و دەسپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ڕێژیمی ئێران دەستی کرد بە کۆمەڵێک هەڕەشە. لەوانە دەرکردنی مامۆستایان لە زانکۆکاندا و دامەزاندنی "مەداحەکان" وەک مامۆستای زانکۆ، دەرکردن و لێپرسینەوە لە خوێندکارەکان، گوشار بۆ سەر سەربنەماڵەی شەهیدانی شۆرشی ژینا و ڕێگرتن لە کۆری بیرئانینی ئەوان. زەختی هەرە ڕژد و توندی ڕێژیمی ئێران دژی کوردستان بوو لە ڕێگەی گوشار بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و هەریمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بەناو پەیماننامەی ئاسایشی سنووری و جووڵاندنەوەی هێزی چەکداری بۆ سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان.
ئامانجی سەرەکیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی چاوترسێن کردنی خەڵکە. کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاگەیەنە گشتییەکان و کەرەسەکانی گشتیی پێوەندی ڕۆژ بە ڕۆژ ئاست و پانتایی تێرۆریزمی دەوڵەتیی خۆی لە شێوازەکانی جۆراوجۆردا قووڵتر و بەرینتری کردووە. ترساندن و خوڵقاندنی کەشی تۆقاندن لە زۆر بڕگەدا یارمەتیی دەسەڵاتی ئێرانی داوە بۆ مانەوەی ڕێژیمەکەی و دوورخستنەوەی خەڵک لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی. ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی تێرۆریزمی سایکۆلۆژییەوە دەیهەوەێ بە ترساندن و تۆقاندن خەڵک ناچار بە فەرمانبەری لەخۆی بکات و بە شێوەیەکی بێبەزەیانە کەشی ترس و بێمتمانەیی لەسەر خەڵک دەسەپێنێت. سیاسەتێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک هەست بە نائارامی و بێهانایی بکات.
تێرۆری سایکۆلۆژی یان دەروونی بریتییە لە زنجیرە کردەوەیەک کە سەرنج و "تەمەرکوزی" کردەوەکە لە سەر دۆخی زێهنی، سۆزداری دەروونی کۆمەڵگە دەدات بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ترس و دڵەڕواکێی ئەندامانی کۆمەڵ و خەڵک هەست بە هێمنی، ئاسایش نەکات و بە هۆی بێقەڕاری و ترسەوە کۆنترۆلی ژیانی ئاسایی خۆی لە دەست بدات و بترسێت لە پێوەندی لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان هەڵوێست دەرببرێت. لە تێرۆری دەروونیدا کەشی حاکم بەسەر کۆمەڵگە کەشی ترس، ناخۆشی و بێ هیواییە. ئامانجی تێرۆری سایکۆلۆژی پێکهێنانی ترس لە ڕێگەی ترسەکانی دەروونناسانە و عاتفی گشتی دەستبردن بۆ سەر تاریکترین بەشی دەروونی مرۆڤە کە دەبێتە هۆی گومان، بێمتمانەیی، گومان لەخۆ و پارانۆیا لە کەسانی دیکە و خۆ و جیهان.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تێرۆری سایکۆلۆژی سەرنجدان و وردکردنی گرووپ و چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کار دەکەن ئەوەندە هەست بە ناهێمنی و ترس بکەن، لە ترسی دەرکران و "نان بڕین" ورەی ئەوەیان نەبێت خۆ لە قەرەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان بدەن. نموونەی ئەو جۆرە کارانە دەرکردنی بەکۆمەڵی مامۆستایانی زانکۆ و هێنانی "مەداحەکان" بەجیاتی ئەوان یان ئەستاندنەوەی مافی خوێندن لە زۆر لە خوێندکارانی زانکۆکانن. لە پلەبەندیی پێویستییەکانی ماسلۆ، یەکێک لە پێویستییەکان پێویستی هەست بە هێمنایەتی کردن و ئاسایشە. کاتێک ئەمە لە مرۆڤ دەستێندرێت بەرە بەرە پێویستییەکانی دیکە لەوانە پێویستی فیزیکی دەکەوێتە مەترسییەوە.
شوێندانەریی تێرۆری سایکۆلۆژی لەسەر تاکەکەس لە پێوەندی لەگەڵ ژینگەدا
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی جیهانی تەندوروستی (٢٠٠٨) بەشداریکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی و پرۆسەی سیاسیدا بۆ تەندروستی و خۆشبژێویی تاکەکان پێویستە. بەشداریکردن لە کاری کۆمەلگەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەستی بەرپرسایەتی مرۆڤ لە بەرامبەر خۆشبژێوی تاکەکەس و کۆمەڵگەدا. تێرۆری سایکۆلۆژی ڕێژیمی ئێران کە لە ڕێگەی توندوتیژی سیاسییەوە ئەنجام دەدرێت دەبێتە هۆی ئەوەی تواناکانی تاکەکەس بۆ بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تێک بچێت و متمانەیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەمێنێت. ئەنجامی ئەم کارە دەبێتە هۆی دابڕان و کشانەوەی تاکەکان لە کۆمەڵگە و متمانەیان بە کاری سیاسی و بەشداریی سیاسی نامێنێت. ئەمەی کە کۆماری ئیسلامی تا ئەمرۆ لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە ئەنجامی داوە ئامانجی ئەوه بووە کە بەشداری کۆمەڵگە لە پرسە سیاسییەکاندا بە لانی کەمی خۆی بگات و تەنیا لە ڕێگەی ڕانتەوە کەسانی گرێدراو و وەفادار بەو ڕێژیمە -جا ئەم وەفادارییە چ بە هۆی ئایدیۆلۆژی بێت و چ بە هۆی بەرژەوەندیی دارایی- بە دەوریەوە دەمێنن. لە گەڵ ئەمەش تێرۆری سایکۆلۆژی دەبێتە هۆی لەدەستدانی هیوای تاکەکان بۆ هەرجۆرە گۆڕانکارییەک لە وڵاتدا.
بێمتمانەیی و گۆشەگیری و کشانەوە دەرئەنجامی توندوتیژیی سیاسی و تێرۆری سایکۆلۆژین. تێرۆری سایکۆلۆژی دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان نەتوانن لە پێوەندییەکی کۆلێکتیڤ و گشتیدا بن لە مەڕ پرسە گشتییەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگەکەیان. بەهۆی توندوتیژیی سیاسی و تێرۆری سایکۆلۆژی ڕێژیم تەنانەت جیناحەکانی نێوخۆیی ئەو ڕێژیمە وەک "ئیسلاح تەڵەبەکان"ێش کە پشتیوانی سەرەکی و یەکێک لە هۆیەکانی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین پاشەکشەیان کردووە لە چالاکی سیاسی و بەکردەوە لە ڕۆڵ خوڵقاندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەریک کەوتوون. توێژینەوەکانی ڕێکخراوی تەندوروستی جیهانی (WHO) دەسەلمێنن کە تێرۆری سایکۆلۆژی و توندوتیژی سیاسی دەبنە هۆی ڕووخانی تواناییەکانی تاکەکەس و لەدەستدانی متمانە بۆ داوای یارمەتیی کۆمەڵایەتیکردن لە ژینگەی خۆیاندا.
تێرۆریزمی دەروونی ڕێژیم دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ متمانەی خۆی بە قەوارەی ئەخڵاقی کۆمەڵگە و هەموو جۆرە دامودەزگایەکی دەوڵەتی لەدەست بدات و هەموو سیستەمە ئیدارییەکان بە نەیار و دژبەری خۆی بزانێت و تەنانەت بڕوا بە پرۆسە ئیدارییەکانیش نەکات. تێرۆری سایکۆلۆژی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ویستی تاکەکان بۆ بەشداری لە چالاکییە سیاسیەکان لەوانە ڕێکخستنی کۆمەڵگە کەم بکاتەوە. ڕێژیم بۆ ئەوەی تاکەکان لە بەشداریکردنی سیاسی دوور بخاتەوە چالاکان و زیندانیانی سیاسی ئەشکەنجە دەدات و بە "اعتراف اجباری" لە تەلەڤیزیۆنەکاندا هەوڵ دەدات تاکەکان ناچار بکات خۆیان بەدەستەوە بدەن و تەسلیمی ویستی ڕێژیم بن. لە زۆر لە لێپرسینەوەکان و کاتی "بازجویی" و ئاگادارکردنەوەی تاکەکان وێرای ترساندنیان بۆ ئەوەی تاک لە کۆمەڵگە تەریک کەوێتەوە، ڕێژیم پێشنیاری دەرکەوتن لە وڵاتیان پێ دەدات و هانیان دەدات ڕوو بکەنە وڵاتانی ڕۆژئاوایی. ئەم ئەشکەنجە بەکۆمەڵەی ئەندامانی کۆمەڵگە تراوما و نەخۆشی درێژخایەن لە تاکەکەسدا بەجێ دێڵن کە دەبنە هۆی ئەوەی تاکەکان تا ساڵەهای ساڵ هەست بە لێئەستاندنەوەی مرۆڤایەتییان بکەن.
کاریگەری تێرۆریزمی سایکۆلۆژی لەسەر کارکردنی کۆمەڵگە
کۆمەڵگە بەگشتی وەک تۆڕێک لە پێوەندییەکان پێناسە دەکرێت، کە لە شوێنێکی فیزیکیدا کۆ بۆتەوە و خاوەنی بیروباوەڕ، بارودۆخ، نیگەرانی و ئاسۆ و پێوەندی هاوبەشن. هێز و توانای پێوەندیگرتن بۆ تەندوروستی تاکەکانی کۆمەڵگە لە پێویستییە سەرەکییەکانن، بەتایبەت ئەوکاتەی ئەوان دەکەونە بەر تراوما و تراژیدییای قووڵ. توێژینەکان پێشنیار دەکەن بە هۆی تواناییەکانی کۆلێکتیڤ و بەکۆمەڵی کۆمەڵگەکان کە بریتین لە تێکەڵییەک لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و تواناییەکانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە توانایی کۆ وەک "یەکەیەکی" یەکگرتوو دەبێتە هۆی گۆڕان و شوێندانەری بۆ چاکەی گشتی و ئەندامانی نێو کۆمەڵگەش. لە بەرامبەردا تێرۆریزمی سایکۆلۆژی نەتەنیا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تواناییەکانی تاکەکان بۆ کارکردن لە کۆمەڵگەدا بەڵکوو دەبێتە هۆی لاوازکردنی بنەماکانی جڤاتی کۆمەڵگەش. تێرۆریزمی سایکۆلۆژی دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی قەوارە کۆمەڵایەتییەکان و مێژوو، باوەڕ و بایەخەکانی کۆمەڵگە لاواز دەکات و زۆرجار دەبێتە هۆی سەرلێشێواویی کۆمەڵایەتی. توێژینەوەکانی ڕێکخراوی تەندوروستی جیهانی دەسەلمێنن کە زیانگەیاندن بە جڤاک وەک شوێنی فیزیکی هاوبەشی خەڵک دەبێتە هۆی تێکچوون و لاوازبوونی کولتوور و ناسنامەی هاوبەش. تێرۆریزمی دەروونی دەبێتە هۆی لەکارخستنی توانایی کۆمەڵگە و بەهێز بوونی ترس و دڵەڕاوکێی بەکۆمەڵ و تانوپۆی چالاکییەکانی بەکۆمەڵی جڤاتەکان تێک دەدات.
لە سەرەتای ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ەوە تا ئەمرۆ لە ڕێگەی کوشتارە بەکۆمەڵەکانی خەڵک، تێرۆر و بۆردمانی گوندەکانی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت کەمپی پەنابەران لە باشوور، ڕێژیمی ئێران پێشانی داوە کە ئامانجی لەنێوبردنی هەموو کۆمەڵگەی کوردستانە و لە ڕوانگەی ئەو ڕێژیمە کوردی باش کوردی مردووە. لە شۆرشی ژینادا دەرکەوت کە بۆ ڕێژیمی ئێران تەنیا تاکەکان وەک دوژمنی خۆی نابینێت بەڵکوو دوژمنایەتی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ تەواویەتی کۆمەڵگەی کوردستانە. لێکۆڵینەوەکان پێوەندیدار بە توندوتیژیی سیاسی لە وڵاتانی دیکە وەک ئیرلەند، بۆسنی، سریلانکا، پێرۆ، ئێلسالوادۆر و زیمباوێ دەسەلمێنن کە توندوتیژیی سیاسی دەرئەنجامی بەردەوامی هەیە لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەت دەبێتە هۆی لاوازی پەروەردەی گشتی و کۆمەڵگە ناتوانێت ڕێبەرانی داهاتوو لە خۆیدا پەروەردە بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵگە ئاسۆیەک بۆ دواڕۆژ لە بەرانبەر خۆیدا نابینێت.
ژینگە فیزیکییەکان کۆمەڵگەکان پەروەردە دەکەن لە ڕێگەی ئاسانکاری بۆ بەراوردی هێمنایەتی، ئاسایش و ناسنامەی کۆلێکتیڤ، مێژوو و شانازییەکان. ئەمانە دینامیکی پێوەندییەکانی نێوان تاکەکەس و ژینگە پێک دێنن. تێکدانی ژینگەی فیزیکی توندوتیژی سیاسی و تێرۆری سایکۆلۆژی هەستی یەکیەتی و یەکگرتوویی ئەندامانی کۆمەڵگە لەنێو دەبات. وێرانکردنی ژینگەی فیزیکی پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ تێکدانی کولتووری خەڵک. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەسەڵاتی خۆیدا تا ئەمرۆ بە هەموو شێوەیەک ویستوویەتی لە ڕێگەی تاڵانکردنی کانگا ژێرزەوییەکانی کوردستان و دروستکردنی بەنداوە دوور لە پێوانە ژینگەیی و زانستییەکان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە ئاوییەکان ژێرخانی ژینگەی کوردستان لەنێو ببات. دوایینی ئەوانە بەکردەوە وشککردنی گۆمی ورمێیە. تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەک لەسەر شوێندانەریی وشککردنی گۆمی ورمێ لەسەر ژیان و پێوەندییەکانی مرۆڤ بە ژینگە نەبینراوە بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئاسەواری وێرانکاری ژینگە لە شەڕی ڕواندا، لە وڵاتانی بالتیک و کۆسۆڤۆ دەردەخات کە وێرانکردنی ژینگەی فیزیکی چ شوێنەوارێکی کارەساتباری بۆ کۆمەڵگە هەیە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ڕێژەی بێکاری ١٥٪ لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە ئاستی گشتی ئێران ٩٪ و لە پارێزگا فارسییەکاندا ئەو ڕێژەیە تەنیا ٧ ٪. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی کوردستان واتە ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سنە و ورمێ، ساڵانە بە تێکڕا ٩ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەس بە هۆی خۆکوشتنەوە گیان لەدەست دەدەن، لە کاتێکدا ڕێژەی سەرانسەری لە سەدا پێنج و لە پارێزگا فارسییەکانی وەک تاران، شیراز و ئیسفەهان، ئامارەکە ٤.٥ لە هەر ١٠٠ هەزار کەسە.
کۆنترۆلکردنی ژینگەی فیزیکی یەکێکی دیکە لە شێوازەکانی تێرۆریزمی سایکۆلۆژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە. لە یەکەم ساڵڤەگەری شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وێرای میلیتاریزەکردنی شاری سەقز و شارەکانی دیکەی کوردستان، بە تانکی شەڕ دەوری گۆڕی ژینایان داگیر کردبوو. ئەمە جیا لەوەی نیشانەیەک لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی ڕێژیمی ئێرانە لە کوردستان نیشانەیەک لە ڕاگەیاندنی شەڕەنگیزی دژی خەلکی کوردستان. تێرۆریزمی سایکۆلۆژی ڕێژیم دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشی گشتی و کرداری کۆمەڵگە لە ڕێگەی هاندانی هەستی بەکۆمەڵی کەشی گشتیی ترس. توێژینەوەکانی توندوتیژی لە وڵاتانی نیکاراگوا، کۆلۆمبیا، گواتمالا، بێرمە و ئێلسالڤادۆر دەسەلمێنن کە توندوتیژیی سیاسی و تێرۆریزمی سایکۆلۆژی شوێندانەرییان هەیە لەسەر توانایی و پۆتانسیەلی ئاشتی کۆمەڵگە و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی سیاسی. ترسی بەکۆمەڵ و لێکدابڕانی بەکۆمەڵ دەبێتە هۆی دژبەری و توندوتیژی نێوخۆی کۆمەڵگە، ئامانجێک کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی تێرۆریزمی سایکۆلۆژییەوە هەوڵی بۆ دەدات. ڕێژیمی ئێران تێرۆری سایکۆلۆژی بە شێوەی بەرنامە بۆ دارێژراو بۆ کۆنترۆلی کۆمەڵگە و یەکێک لە ڕیکارەکانی توندوتیژی سیاسی بەکار دەبات.
کۆنترۆلکردنی شوێنە گشتییەکان و لەنێوبردنی هەستی ئارامی گشتی لەنێو کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی کۆنترۆلی بازار، دووکانەکان و ڕێگرتن لە خەڵک بە ناوی "بدحجابی" و "جۆری پۆشین" شێوازێکی دیکەی تێرۆریزمی سایکۆلۆژیی ڕێژیمی ئێرانە. ئاکامی ئەم جۆرە توندوتیژییە لەنێوبردنی پێوەندییە کۆمەلایەتییەکان و گەشەکردنی "دژە بایەخەکان" لەنێو کۆمەڵگەدایە. دیاردەیەک کە لە ئامارەکانی ئێراندا بەڕوونی دەبیندرێت. بەپێی ئامارەکانی ڕۆژنامەیی تەمەنی لەشفرۆشی لە ئێراندا بووتە ١٤ ساڵ، تەمەنی خواردنەوەی ئەلکۆل لە وڵاتدا بە ١٥ ساڵ گەیشتووە.
سەرئەنجام تێرۆریزمی سایکۆلۆژی کۆماری ئیسلامی دەبێتە هۆی لەنێوبردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەمبوونی ژمارەی ڕێکخراوە شوێندانەرەکان لەنێو کۆمەڵگەدا. ئەندامانی کۆمەڵگە لەبەرانبەر کۆمەڵ هەست بە بەرپرسایەتیی خۆیان لەدەست دەدەن و لە زۆر بواردا واز لەو ڕێکخراوە دەوڵەتییانەش دێنن کە ئەرکی سیاسیان نییە و تەنیا بۆ خزمەتگوزاری دامەزراون. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی دەرکردن و بەزۆر خانەنشینکردنی مامۆستایان و هەروەها زەخت خستن بەسەر زانکۆکانی کوردستان و دوورخستنەوەی مامۆستا و خوێندکارانی چالاک وەک ڕێبەرانی پۆتانسیەلی نێو کۆمەڵگە، هەوڵ دەدات تاکەکان و کۆمەڵگە لە یەک تەریک بخاتەوە.
کارکردی دەزگاکانی دەوڵەتی لە خزمەت تێرۆریزمی سایکۆلۆژیی ڕێژیم
لە کۆمەڵگەی دێموکراتیکدا ئازادییە بنەماییەکان، پلۆرالیزم و فرەڕەهەندی، بەرپرسایەتی و بڕوا بەیەکتر دەبێتە هۆی گەشەی تاکەکەس و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی، لە بەرانبەردا توندوتیژیی سیاسی و تێرۆریزمی سایکۆلۆژیک خوڵقێنەری قەیرانی گشتی و کۆمەڵایەتیە. لە کۆمەڵگەیەکی ئاساییدا تاکەکان پشت بە پێکهاتەی حکوومەتییەکان دەبەستن بۆ دابینکردنی دەرفەت و بەشداریکردنی واتادار بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندوروستی، خۆشبژێوی وەک سیستمی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری، ئاو، پاکوخاوێنی، تەندوروستی و خوێندن. تێرۆریزمی سایکۆلۆژیکی ڕێژیمی ئێران پێوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ئاست و چۆنیەتیی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی. تێرۆری سایکۆلۆژیی ڕێژیم نەتەنیا زیان بە تاک و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ١. تێکچوونی سیستەمی ئیداری کە پێویستن بۆ ژیانی ڕۆژانە، ٢. لاوازیی کەرتی گشتی و ٣. لەنێوچوونی هەستی بەرپرسایەتی لە مەڕ مڵکی گشتی لەلایەن تاکەکانەوە. ئەو سیستەمە خزمەتگوزارییە کاراییەکان تەندوروستی مرۆڤ مسۆگەر دەکەن، بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بەختەوەری جیهان (Global Happiness Center) لە ساڵەکانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ ئێرانییەکان لە ڕیزی سێ وڵاتی هەرە تووڕەی جیهاندان. ئەمە بەرهەمی تێرۆریزمی سایکۆلۆژی و توندوتیژیی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دژی دانیشتووانی ئێرانە.
توندوتیژیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دژی نەتەوەی کورد، ڕەشبگیری و بۆردمانی بنکەکانی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان، بۆردمانی بنکەکانی حیزبەکان و تێرۆری مووشەکی نیشانەی ئەوەن کۆماری ئیسلامی ئامانجی تەنیا لەنێوبردنی تاکەکەسەکان نییە، بەڵکوو دوژمنایەتییەکی قوولی هەیە بەرانبەر نەتەوەی کورد و ئامانجی سەرەکی ئەو لەنێوبردنی بەکۆمەڵی هەموو خەڵکی کوردستانە. لەو پێناوەشدا لە ڕێگەی تێرۆریزمی سایکۆلۆژی هەوڵ دەدات ئاسۆی خەلکی کورد بۆ داهاتوو لێل بکات بە تێرۆر و لەنێوبردنی چالاکڤانان و ڕێبەرانی مەیدانیی کۆمەڵگە و تواناییەکانی کۆمەڵگە بۆ وێناکردن یان بەرنامەڕێژی بۆ داهاتوو تووشی مەترسی بکات. ڕێژیمێک کە بتوانێت گەنجێک بەهۆی "بێحیجابی" بکوژێت کۆمەڵکوژییش دەکات.
بۆردومانی قوتابخانە و داینگە خزمایەتی نزیکیان هەیە لەگەڵ کۆمەڵکوژی و ژێنۆساید. لەنێوبردنی فیزیکی ژینگەی کوردستان پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ لەنێوبردنی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەکان.