ڕۆژنامەی "جروزالم پۆست" لە شیکارییەکدا بە قەڵەمی یونا جێرمی باب نووسیویەتی کە کوژرانی عەلی لاریجانی کە لە نەبوونی عەلی خامنەییدا وەک مێشک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێژیمی ئێران دەناسرا، هەڵگری پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو ئەو بەرپرسانەی کە هێشتا لە تاراندا ماونەتەوە: "کاتتان کۆتایی هاتووە؛ یان سازان بکەن یان چاوەڕێی لەنێوچون بن."
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای لێدانە ستراتیژییەکانی ٢٨ی فێوریە کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی سپا، ئیسرائیل و ئەمریکا دەرفەتێکی سنوورداریان بە ڕێبەرە نوێیەکان دا تا بە گۆڕینی هەڵوێستەکانیان، ڕێگەی کۆتاییهێنان بە شەڕ خۆش بکەن.
دۆناڵد ترامپ هیوادار بوو بە لەنێوبردنی توندڕەوەکان، کەسایەتی میانەڕەوتر بۆ دانوستان دەربکەون، بەڵام هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی و پێداگری ئەو لەسەر بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوە بەبێ پێشکەشکردنی ئیمتیازە ستراتیژییەکان وەک ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئەم پەنجەرە دیپلۆماسییەی داخست.
سەرچاوە هەواڵگرییەکان جەختیان کردووەتەوە کە لاریجانی بە کردەوە باری سەرەکی بەڕێوەبردنی وڵاتی لەبری موجتەبا خامنەیی بریندار لەسەر شان بووە.
کوژرانی ئەو دەریخست کە ئیسرائیل چیتر چاوەڕێی گۆڕینی هەڵسوکەوتی سەرڕۆیانەی تاران نییە و ئەم ئۆپەراسیۆنە پەیامێکی ڕوونی بۆ پاشماوەکانی ڕێژیم نارد: ئەگەر دەستبەجێ و بە شێوەیەکی ئاشکرا ئیمتیازی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێشکەش نەکەن، کەسانی دواتر لەنێو لیستی ئامانجەکانەوە دەبن.
ئەو ڕێبەرانەی کە لە تاران ماونەتەوە، ئێستا لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدان؛ یان خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر مەرجەکانی ترامپ بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان، یان بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی ئێستا کە دەبێتە هۆی لەنێوبردنی تەواوی کادری ڕێبەرایەتی ڕێژیم.
هێرشەکەی شەوی دووشەممە دەریخست کە چەتری پارێزگاری ئەمنییەتی لە تاران بە تەواوی هەرەسی هێناوە و هیچ بەرپرسێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئەماندا نییە.
ئەم ڕووداوە، تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی یان تیرۆرێکی ئامانجدار نییە؛ بەڵکوو ڕەنگدانەوەی گۆڕانی هاوکێشەکانی دەسەڵاتە لە تاران و هۆشدارییە بۆ هەموو ئەو بەرپرسانەی کە هێشتا لە پێکهاتەی ڕێبەرایەتی ئێراندا ماونەتەوە.
پەیامی ڕوونی ئەم ڕووداوە بۆ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە توانای گوشارخستنە سەر ڕێبەرایەتی نوێی ئێران بووەتە کارێکی کردەیی و بەرچاو و هیچ شوێنێکی پێیتەخت بە تەواوی لە ئەمنییەتدا نییە.