سپای پاسداران لە شەپۆلی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە چەند مووشەک و دڕۆن شاخەکانی بالیسانی کردەوە ئامانج.
کاتژمێر ٧:٣٠ دەقەی ئەمشەو، ٢٦ی ڕەشەمە سپای پاسداران بە گومانی هەبوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شاخەکانی بالیسانی بە مووشەک و دڕۆن کوتاوە. دوای ئەم هێرشە کاتژمێر ٨:٢٥ دەقە جارێکی تر بە دوو مووشەک ئەو ناوچانەی بە ئامانج گرتەوە.
ئەو هێرشە نوێیانەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەشەمەش دۆڵی ئاکۆیان و چیاکانی بالیسان بە گومانی هەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوڕدومان کرابوون.
هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل بەردەوام بووە و لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە ٢٧ مووشەک و دڕۆن هێڕشی کردووەتە سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات.