کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیدئون سعار: ڕووخانی ڕێژیم لە ئێران تەنیا بە دەستی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکرێت

17:44 - 26 رەشەمه 2725

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەردەوامیی هەڵوێستە توندەکانی تێلئاڤیڤ دژی تاران، ڕایگەیاند کە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران تەنیا لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتەوە دەکرێت.

لە کاتێکدا کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و تێرۆرکردنی فەرماندە باڵاکان و هەندێک کەسایەتی سیاسی بەردەوامە، گیدئۆن ساعر جەختی کردەوە کە گۆڕینی حکوومەت لە ئێران تەنیا بە دەستی خودی خەڵکی ئێران ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، وتی کە ئیسرائیل پێشتر لە بەرامبەر ئێراندا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و تاران ئێستا لە پێگەیەکی لاوازتردایە.

سعار هەروەها ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی "تا تەواوکردنی ئەرکەکە" بەردەوام دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی تری قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی حیزبوڵڵا، داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد بە خێرایی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لە خاکی ئەو وڵاتەوە دژی ئیسرائیل هەنگاو بنێت.

ئەو هەروەها ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە ئەگەری دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لوبنان ڕەت کردەوە و وتی کە هیچ بەرنامەیەک بۆ گفتوگۆی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.