وتووێژ: دیاکۆ دانا
بەرایی: هەموو چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو بابەتە کۆکن کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی (ژینا) کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرەوڕووی زۆر ئاڵنگاری و بەرگژەی جدی کردووەتەوە. ئەم جووڵانەوەیە شەرعییەتی کۆماری ئیسلامیی چ لە نێوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەتەواوەتی خستووەتە ژێر پرسیار و بەپێی ماهییەتی سیاسیی کۆماری ئیسلامییش، ئەم ڕێژیمە نە توانا و زەرفیییەتی چاکسازی و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیدا هەیە و نە خەڵک ئامادەن چیدی متمانە بەو دەسەڵاتە بکەن. "کوردستان" بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران پاش شۆڕشی ژینا، پێگەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و هەروەها ڕۆڵی کۆمەڵگەی جیهانی لە پشتیوانیکردنی خەڵک و ڕێکارەکانی بەرینکردنەوەی داکۆکییەکان لە جووڵانەوەی ئێعترازیی خەڵک دیمانەیەکی لەگەڵ دوکتور بابان ئەلیاسی، چالاکی سیاسی و کارناسی یاسای نێودەوڵەتی پێک هێناوە.
دوکتور بابان، ساڵێک دوای شۆڕشی ژینا پێگەی کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چۆن هەڵدەسنگێنن؟
لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ئەمە یەکەمجار بوو ڕاپەڕینێکی ئاوا سەرانسەری بتوانێ هەڕەشەی جیددی لەسەر سیستەمی سیاسی لە ئێراندا دروست بکات. ئەم ڕاپەڕینە لەلایەک هەیمەنەی سیستەمی سیاسیی لە ئێراندا شکاند و، لەلایەکی ترەوە پێگەی خەڵکی لەبەرانبەر ڕێژیم بەهێزتر کرد. ئەم ڕاپەڕینە بەپێچەوانەی ڕاپەڕینەکانی تر، بەربڵاو بوو و لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا ڕووی دا. هەرچەندە لە هەموو شوێنێکی ئێران خۆپیشاندان دەکرا، بەڵام داخوازییەکانی دانیشتووان هەم هاوبەش و هەمیش جیاواز بوون. بۆ نموونه بەپێچەوانەی ژنانی هێندێک لە ناوچەکانی ئێران که بنەمای داخوازییەکانیان پرسی ماف و ناسنامەی ژنان بوو، بەڵام ژنانی کورد، سەرەڕای ئەوەی لە گشتییەتی خۆیدا داخوازی پرسی ماف و ناسنامەی ژنانیان هەیە، داخوازیی هۆوییەتی و نەتەوەییشیان هەیە. واتە خواستەکان لە چەند بەستێنێکدا هەم هاوبەش و، هەمیش جیاواز بوون.
لە پێوەندی لەگەڵ پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، دوای زیاتر لە دوو دەیە بێدەنگی، ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە شەهیدبوونی ژینا، کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد و حیزبەکانی جدیتر هێنایەوە نێو گۆڕەپانی سیاسیی ئێران. دواتریش ڕووداوەکان دەریانخست کە کورد لە ڕۆژهەلات لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران، ڕێکخراوترن. دیارە ئەوەش بەرهەمی چەندین دەیە خەباتی سیاسیی حیزبەکان و کار و چالاکی ڕۆشنگەرییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێن. لە دەرەوەش، ڕەوەندی کوردی توانی چالاکیی باشی هەبێ و تا ڕادەیەکی باش لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوودا، حزووری هەبوو. بەڵام ڕەوندی کوردی ئەگەر ڕێکخراوتر بێت، دەتوانی پاڵپشتێکی گەورەتر بێت بۆ دۆزی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات.
لە ڕوانگەی ئێوەوە گەورەترین کێشە و ئاڵنگارییەکانی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا چین؟
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەوڵەتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت ناکات. لە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، ڕێژیم هەوڵی هەناردەکردنی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی سیاسیی شیعەی بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە داوە. ئەم سیاسەتە دەرەکییە شەڕەنگێزە، بۆتە هەڕەشەی وجودی بۆ سەر هێندێک وڵات. جگە لەوەش، ڕێژیم شەرعییەتی بۆ سیاسەتی دەرەوەی، لە دژایەتیکردنی لەگەڵ هەر دوو وڵاتی ئیسراییل و ئەمریکا وەردەگرێ. جیا لەوە، ڕێژیم سیاسەتی دەرەوەی لەسەر دژایەتیکردن دامەزراندووە. ئیدئۆلۆژیی میللی- مەزهەبیی شیعەی وەک پۆششێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئیمپراتووریی فارس بەکار هێناوە. ئەمەش وای کردووە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت وڵاتانی عەڕەبی، ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵات و مەزهەبی سوونە ببینن. ڕێژیم هەوڵی داوە لە بواری دینیدا، مەزهەبی شیعە لە بەرانبەر مەزهەبی سوونە بەهێز بکات و لە ڕێگای تایفیگەرییەوە چ لە نێوخۆ و چ لە ناوچەدا، دەسەڵات لە دەستی دەسەڵاتدارانی سوونە دەربێنێ. نموونەیەکی دیکە، دروستکردنی میلیشیای ئیدئۆلۆژیکی شیعەیە لە چەندین وڵاتی ناوچەدا وەکوو عێراق، لوبنان و یەمەن کە دژایەتیی سپای فەرمی ئەو وڵاتانە دەکات. ڕێژیم هەوڵ دەدا بە ناسەقامگیرکردنی ئەم دەوڵەتانە شیعە مەزهەبەکانی ئەو شوێنانە دەسەڵات بگرنە دەست.
لەکاتێکدا بۆ ماوەی چەند دەیەیە هاوکێشەکانی ناوچەکە دژایەتیی عەڕەب- ئیسراییل بوون، بەڵام لەوساوە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ هاتۆتە سەر دەسەڵات، بەتایبەتیش لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، ترسی هەڕەشەی ئیدئۆلۆژی ئیسلامیی شیعە لە دژی وڵاتانی سوونە، بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی عەڕەبی پەلکێشی ئاساییکردنەوە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسراییل کردووە. واتە بۆ وڵاتانی عەرەبی، هەڕەشەکانی ئێران و ئیسلامی شیعە مەترسیدارترن هەتا هەڕەشەکانی ئیسراییل.
بە بڕوای ئێوە شۆڕشی ژینا شەرعییەتی کۆماری ئیسلامیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بردووەتە ژێر پرسیار؟
هەرچەند ئەوە پێوەندیی نێوان وڵاتانە بەرژەوەندی دیاری دەکا و پرسی مەشرووعییەت لە ئەولەویەتدا نییە، بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی پرسی دێموکراسی و مافی مرۆڤ بۆیان گرینگە، ئیدی ناتوانن بیانوو بهێننەوە کە لەگەڵ ڕێژیمێکی قاتڵ لە ئێران سەروکاریان نییە. وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ساڵانێکە بە بیانووی جۆراوجۆر، جارێک لەژێر ناوی ڕەخنە و گفتوگۆ بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم، جارێک لەژێر ناوی وتووێژ لەگەڵ میانەڕەوەکان بەردەوام ڕەواییان بە وتوێژەکانیان لەگەڵ ڕێژیم داوە. بەڵام، ئیدی ماهییەتی ڕاستەقینەی ڕێژیم، بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە. لایەنێکی دیکەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو، دەتوانێ لەسەر داهاتووی سیاسی هەڵبژاردن کاریگەری دابنێن. هەرچەند سیستمی سیاسی لە ئێراندا بەشێوەی دیکتاتۆرانەیە و خامنەیی زۆربەی بڕیارە گرینگەکان دەدات، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێژیم مەشروعییەت وەربگرێت، هەوڵ دەدا هەڵبژاردنی دەورەیی وەڕێ بخات هەرچەند دوور لە پڕەنسیپەکانی دێموکراسییە. ڕێژیم چ ئەم بەناو دێموکراسییەی بە دەرەوە دەفرۆشتەوە چ هێندێک لە وڵاتانی دەرەوە، بە بیانووی ئەوەی ئێران نیمچە دێموکراسیە، ڕەوایی دەدەن بە دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئاماژەکان ئەوە پیشان دەدەن، کە ڕێژیم بەتەواوی چووەتە قۆناغی دیکتاتۆریی ئیسلامی سیاسیی شیعەوە.
دوکتور بۆچی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە شۆڕشی ژینا لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نەبوو، هەروەها بۆچی وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتریان هەوڵیان دەدا ئەو شۆڕشە بە نێوەرۆکێکی فێمینستی و لە چوارچێوەی مافخوازیی ژناندا وەرگرن؟
کاتێک باس لە پشتیوانی نێودەوڵەتی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ژینا دەکەین، مەبەستی زۆرتر وڵاتانی ڕۆژاوایە. لە ئاستی مێدیا و خەڵکی ئاسایی، پشتیوانیان لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران دەکرد. بەڵام، لە ئاستی سیاسیدا، وڵاتانی کاریگەر کە لایەنگری دێموکراسین، وەک ئەمریکا و ئورووپا، پشتیوانییەکانیان تەنیا لە ئاستی ڕاگەیاندندا بوو.
سەبارەت بە پشتیوانینەکردنی ئەو ڕاپەڕینانە، چ لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، ئەم بابەتە لە بازنەی ڕاگەیاندن و سیاسیدا ئامادە بوو. بەڵام بۆ نەبوونی پشتیوانی لە ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ئێران، هۆکار زۆر هەن چونکی هەر ئێستا لە جیهاندا چەندین ناوەندی ململانێ وەک لە ئەفغانستان، سووریە، ئۆکراین و... هەن. ئێران وڵاتێکی گەورەیە و لە ناوچەیەکی ناسەقامگیر هەڵکەوتووە. ئێرانێکی ناسەقامگیر، دەبێتە سەرچاوەییەکی سەرەکی بۆ ناسەقامگیریی پتری ناوچەکە و تەنانەت ئورووپاش. وڵاتانی ڕۆژئاوا نایانەوێ ڕێژیم بڕووخێ، یان ئەگەریش بڕووخێ نایانەوێ ناوەندەکانی بەڕێوەبەریی دەوڵەت لە ئێران بڕووخێ، لەوە دەترسن پشێوی دروست ببێ. بۆیە ئەوان دەیانەوێ چاکسازی بەبێ ڕووخانی ڕێژیم دروست ببێت. وڵاتانی ڕۆژاوا بۆیان گرینگ نییە کێ دێتە سەرکار، تەنیا دژی بەرژەوەندییەکانیان نەبێ. وڵاتانی ڕۆژاوا بە دوای ئەوەن ڕێژیم ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت. بۆ وێنە واز لە پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی، پشتیوانی لە ڕووسیە و هەروەها دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بێنێ و پاشان ڕێژیم دواجار ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.
لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانیی ژنان، کوشتنی ژینا نەک هەر پرسی ژنانی لە ئێران یەک خست و دیواری ئیتنیکی و نەتەوەیی لەنێو ئێراندا تێپەڕاند، بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی کە ژنانی وڵاتانی دیکە و بەتایبەتی ڕۆژئاوا، هاوسۆزی لەگەڵ ژنان لە ئێراندا دەرببڕن. تا ڕادەیەک، لەنێو ناوەندەکانی دەسەڵات لە دەرەوە، ژنان دەوری سەرەکییان لە داکۆکی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران هەبووە. ئەو ئەگەرەش بە هێزە، کە هێندێ لە مێدیا ناوەندگەراکان، ڕاستی خۆپیشاندانەکان چەواشە بکەن، جۆراوجۆریی شوناسی خۆپێشاندانەکان بسڕنەوە و نەخشی نەتەوەکان لە خۆپێشاندانەکان کەمڕەنگ کەن یان بیسڕنەوە.
لەگەڵ ئەوەدا کە قەڵاچۆی کوردان و سەرکوتی خوێناوی و سیستماتیکی ناڕەزایەتییەکان پێچەوانەی زۆر کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیین کە ئێران بۆخۆیشی ئیمزای کردوون، بەڵام چۆن دەکرێ و بەپێ چ میکانیزمێک دەکرێ بکرێنە ئامرازی گوشاری بۆ سەر کۆماری ئیسلامی؟
نەتەوە یەکگرتووەکان میکانیزمێکی داناوە بۆ کۆکردنەوەی پێشێلکارییەکانی پێوەست بە کوژرانی ژینا و سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم. بەڵام، ئێران لەو جۆرە ڕێژیمانەیە کە بەئاشکرا دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و نەزمی جیهانی دەکا. ئێران بۆی گرینگ نییە وەک دەوڵەتێکی یاخی لە قەڵەم دەدرێ و هەروەها ماف و بژێوی خەڵکەکەشی بۆ گرینگ نییە. بەرژەوەندیی زلهێزەکان و هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان وایان کردووە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بتوانێ وەک ئەکتەرێکی دەوڵەتی نانورماڵ، لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بێت. وڵاتانی ڕۆژاوا، هەوڵیان داوە بە گوشار خستنە سەر ئێران، ڕەفتاری بگۆڕن، بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە. سەرەڕای ئەوەی ڕێژیم دەڵێ بۆی گرینگ نییە وڵاتان و ئۆرگانەکانی داکۆکەر لە مافی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا چی دەڵێن، بەڵام بە بەردەوامی لە بە مێدیاییکردن و ئارشیڤکردنی پێشێلکارییەکان و ئاگادارکردنی ناوەندەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ، ڕێژیم دەخاتە ژێر گوشاری بەردەوامەوە. ئەگەر ڕێژیم لەژێر زەڕەبینی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مێدیاکان نەبێت، چاوەڕوانی کوشت و کوشتاری زیاتری لێ دەکرێ.
چۆن دەڕواننە ڕۆڵی حیزبە سیاسیەکان لە گەیاندنی دەنگی خەڵک بە کۆمەڵگەی جیهانی؟ دۆخی ئێستا بەرهەمی لاوازیی دیپلۆماسیی ئەم حیزبانەیە، یان دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیدا؟
بە گشتی، لە دەرەوە، غەیرە کوردەکان، حیزبەكانی ڕۆژهەڵات، چالاکییان لاوازە، ئەوەش هەیە کە سیستماتیک و بەردەوام نییە. بەڵام پارتە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەوەشدا توانای ئەوەیان هەیە لە دەرەوە زیاتر چالاک بن.
لەکاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جیاجیا، چالاکیی سەربازی کەمتر و کەمتر بۆتەوە، دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە بواری پێوەندیگرتن و ڕاگەیاندن لە دەرەوە چالاکتر ببن. ڕەوندێکی بەرچاوی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە بوونی هەیە. بەبێ تێچووی زۆر، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، دەتوانن ئەو هێزە چالاکتر و ڕێکی بخەن. عەیبێکی بەرچاوی دیکەی چالاکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە، پڕشوبڵاویانە لە کاتی پێوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتان و ناوەندەکانی دەرەوە. وەک هەیئەت کە نوێنەرایەتیی کوردی ڕۆژهەڵات بکەن، چاوپێکەوتن ناکەن. زۆرجار، نوێنەری چەندین حیزب و لایەنی ڕۆژهەلات کە چاویان بە نوێنەری یەک وڵات، یان یەک ڕێکخراو دەکەوێ، وادەکات بە جیددی وەرمان نەگرن. باشتر وایە هەیئەتی نوێنەرایەتیی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە پێک بێت و لە چەندین ناوەندی گرینگی بڕیاردان حزووریان هەبێ.
بزووتنەوەی کورد و جووڵانەوەی ئێعترازیی سەراسەری چۆن دەتوانێ قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە سۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بکاتە دەرفەت؟ ئەم قەیرانە و هەڕەشانە چۆن دەکرێ بخرێتە خزمەت سەرخستنی جووڵانەوەی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی؟
ڕێژیم چ لەنێوخۆ و چ له دەرەوە، ڕووبەڕووی قەیران بۆتەوە. دۆخی ئابووری لە نێوخۆ پێوەندی بە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران هەیە. تا ئەوکاتەی سیاسەتی دەرەکی خۆی نەگۆڕێ، ناتوانێت قەیرانی ئابووری لەنێوخۆدا چارەسەر بکات. بۆیە لە ئاستی نێوخۆدا قەیرانی ئابووری خراپتر و خراپتر دەبێت. لە ئاستی سیاسیدا ڕێژیم تا دێت ڕادیکاڵ دەبێت و، لە پڕەنسیپەکانی دێموکراسی و بەها مرۆییەکان دوور دەکەوێتەوە. ئەو ڕێفۆرمخوازانەی نێو سیستەم کە هەوڵیان دەدا، ئەم ڕێژیمە بمێنێتەوە هێندێ چاکسازی تێدا بکەن، ئەوانیش بەتەواوی پەراوێز خران و ڕێژیم بەتەواوی لە دەستی تووندڕەوەکان دایە. بەکورتی ڕێژیم پێداگری لەسەر تێئوکراسی دەکا و، لەسەر خەتی دیکتاتۆریی ئیسلامیی سیاسی شیعەیە.
ڕێژیم چ لە بەدیهێنانی دێموکراسی و چ لە دابینکردنی ئابووریی وڵات شکستی هێناوە. تەنانەت وەک وڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەش نییە،کە لانیکەم ژیانی ئابوورییان باش دابین بکات و سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی وڵاتەکە بۆ بژێوی خەڵکەکە خەرج بکات. ڕێژیم بەتوندی تووشی گەندەڵی بووە و، لەبەر ئەوەش ڕێژیمێک کە لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی شیعە دامەزراوە، گۆڕانی ئەو ئیدئۆلۆژییە، تەنیا بە گۆڕانی سیستەمەکە موومکینە. لەم قۆناغەشدا، فەزای نێودەوڵەتی بۆ گۆڕینی ڕێژیم لەبار نییە. وڵاتانی ڕۆژاوا کە لایەنگری دێموکراسین، بە هۆکاری جیا جیا،بەرنامەی گۆڕینی ڕێژیمان نییە. لەلایەکی دیکەوە، وڵاتە زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیەش بەرژەوەندییان لەوەدایە کە ئێران نەچێتە جەمسەری وڵاتانی ڕۆژاواوە و لاوازیش بمێنێتەوە و زۆرجار لە کارتی ڕێژیمی ئێران لەدژی وڵاتانی ڕۆژئاوا کەڵک وەردەگرن.
ئەدی داهاتووی ڕێژیم و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات چۆن دەبینی؟
سەبارەت بە داهاتووی ڕێژیم، زوو یان درەنگ، ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دەست پێ دەکەنەوە. ڕێژیم ناتوانێ بە زەبروزەنگ لە درێژخایەندا بەسەر ئێرادا حکوومەت بکات. بەگشتی لە ئاستی جیهانیشدا سیستەمە دیکتاتۆرییەکان هەرچی دێت لە پاشەکشەدان و لە بەرامبەردا سیستەمە دێموکراتیکەکان پەرە دەستێنن.