کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێدەنگی تاوانە!

21:03 - 17 رەزبەر 2723

ئاسۆ مینبەری

هێشتا مانگێک بەسەر ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا تێنەپەڕیوە، جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی دیسانەوە لە پێتەختی تاوان، کچێکی کوردی دیکەیان بە بیانووی نەبوونی حیجاب، دایە بەر لێدان و تاوانێکی دیکەیان بە تاوانە دژەمرۆییەکانی خۆیان زیاد کرد.
ساڵی ڕابردوو کە ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە لێی درا و چووە کۆماوە، کەس بیری لەوە نەدەکردەوە ڕەنگە مەرگی ئەم کچە بتوانێ ببێتە خاڵی دەسپێکی شۆڕشی ژینا و دروشمی پڕ نێوەڕۆکی ژن، ژیان، ئازادی بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات؛ ڕەوتی ڕووداوەکان و ئاراستەی شۆڕشەکە بە چەشنێک بوو کە پێشبێنیکردنی کارێکی ئەستەم بوو، بەڕاستی کێ دەیزانی مەرگی ژینا دەتوانێ هەزاران لاوی ئەم نیشتمانە بێنێتە سەر شەقام و ڕووداوگەلێک بخوڵقێنی کە لە مێژووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بێوێنە بێت؟
ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە دەبێ لەم قۆناغەدا لەبەر چاوی بگرین، ئەگەر دوێنێ ئەم ڕێژیمە دڕندەیە ژینای بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی دڵخوازی ئەوان لە ئێمە ئەستاند، ئەوە ئەمڕۆ ئارمیتای هەر بەو بیانوویە و بە سێناریۆیەکی هاوشێوە کردووەتە ئامانج و ئەگەر بێدەنگ بین، بەیانی نۆرە دەگاتە کچەکانی دیکەمان!
دەڵێی ئەو ڕێژیمە قۆڵی لێ‌هەڵماڵیوە تاکوو بە کوشتنی کچەکانمان بە بیانووی حیجابەوە، یەک یەک بمانکوژێ و لە کۆتاییشدا بڵێ پیرۆزییەکانم لە مەترسیدا بوون!
ئەوەی کە لە کاتی چوونە کۆمای ئارمیتاوە لە هەواڵدەرییە فەرمی و نافەرمییەکاندا بڵاو بووەتەوە ئەمەیە ڕێژیم هاوشێوەی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، هەوڵ دەدات ئەم تاوانە پەردەپۆش بکات و هەر بەو مەبەستەش هێزیکی زۆری ئەمنییەتیی لە نەخۆشخانەی فەجری تاران جێگر کردووە و ڕێگەش بە هیچکەس، تەنانەت بە بنەماڵەکەشی نادات چاویان پێی بکەوێ.
هۆکاری ئەم چەشنە ڕەفتارەش زۆر ڕوونە، ڕێژیم مەرگی ژینای بۆ بووەتە ئەزموون و دەزانێ کە بە بڵاوبوونەوەی هەر چەشنە زانیارییەک دەکرێ ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر لە جاران سەر هەڵ بداتەوە، لە ڕاستیدا ترسی ڕێژیم لە شەقام و هاواری شەقام وای کردووە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکە بدات، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەمەیە، ڕێژیم ئەگەر مەرگی ژینا و شۆڕشی دوای مەرگی ژینای بۆ بووەتە ئەزموون، بۆچی ئەم ڕەفتارەی دووپات کردەوە؟ 
لە ڕاستیدا وڵامی ئەم پرسیارە زۆر سادەیە، چییەتیی ئەم ڕێژیمە ئەوەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆی هەموو کارێک دەکات، بێگومان پاش مەرگی ژینا، کۆمەڵێک ڕاسپاردەش بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکان هەبووە تاکوو پێش بە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی هاوچەشن بگیردرێ، بەڵام فێربوونی ڕەفتارێکی لەم چەشنە لە سیستەمێکی تۆتالیتێردا، یان بە بارێکی تردا، ئەو هەموو تێچووەی بۆ بارهێنانی تاکی دڕندە و ئیدۆلۆگ، لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا بەکار دەبردرێ، بۆ ئەوە نییە کە لە ماوەیەکی زەمەنیی کورتدا، گۆڕانیان بەسەردا بێت، کاتێک لە تەمەنی منداڵییەوە لە کتێبە دەرسییەکاندا کلێشە ڕەگەزییەکان فێری قوتابییان دەکرێ و وا پەروەردە دەکرێن بەدەرەوەبوونی قژی کچێک ئەتوانێ کوڕێک بکێشێتە گێژاوی تاوان و گونا‌هەوە، لە زانکۆکاندا ئاخوندەکانی حەوزەی عێلمییە وانەی پاکداوێنی بە خوێندکاران دەڵێنەوە و دوایەش ژمارەیەک لەمانە بە هەر هۆکارێک دەچنە چوارچێوەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە، بێگومان ئەم ڕەفتار و بیرکردنەوەیە لە مێشکیاندا جێگیر دەبێ و داعش‌ئاسا دەکەونە گیانی تاکەکانی کۆمەڵگە، جا کاتێکیش باس لە کوردبوون و بیروڕای جیاوازی سیاسی و فەرهەنگی بەو پێشینەیەوە کە لە کوردستاندا هەیە بکرێ، بێگومان سەرکوتکارییش زۆرتر دەبێ و ئەو کاتەیە خێڵی داعش لای ئەمانە، دەبێ وەکوو فریشتە پێناسە بکرێن.
خاڵی گرینگ لەم قۆناغەدا کە دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە هەوڵ بدرێت ناوەندە مافی مرۆییەکان بە نیسبەت ئەم ڕووداوە ڕێژیمی ئیڕان ناچار بە وڵامدانەوە بکەن و کۆمیتەیەکی نێودەوڵەتیی بەدواداچوون هەوڵ بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بدات. بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا، ئەوەی نابێ لێی غافڵ بین، هەوڵی گشتگیر بۆ مەحکوومکردنی ئەم تاوانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، ئەمەش لە لایەکەوە وەکوو ئەرک دەکەوێتە سەر شانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کە بتوانن بە هەر شێوازێکی گونجاو کە بۆیان دەلوێ، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم کردەوەیە دەربڕن و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەرکی سەر شانی خەڵکی کوردستانە تاکوو جارێکی دیکە پێداگری لەسەر مافەکانی خۆیان بکەنەوە و بەنیسبەت ئەم تاوانە مرۆییە، بێدەنگ نەبن.
بەڕاستی لەم قۆناغەدا بێدەنگی تاوانە، بێدەنگبوون دەتوانێ کارەساتی گەورەتر لەمەی بە دواوە بێت، ئارمیتاکان، ژیناکان و بە هەزاران کچی دیکەی کوردستان، لەلایەن ڕێژیمی ژنکوژی کۆماری ئیسلامییەوە کراونەتە ئامانج، ڕێژیم لە ڕێگەی ناوەندە جۆراوجۆرەکانیەوە و هەر جارەو بە جۆرێک و بە بیانووی نەبوون یان ڕەچاونەکردنی حیجابەوە دەستدرێژی دەکاتە سەر کەرامەتی کچەکانمان تاکوو تۆڵەی خۆڕاگری و بەرخودان لە کوردستانییان بکاتەوە. بێگومان ئێستا هەموو هیواکان ئەوەن کە ئارمیتا بگەڕێتەوە بۆ ژیان و خۆی چیرۆکی ئەم دڕندەییەی هێزەکانی ڕێژیم بگێڕێتەوە، بە گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی ئارمیتا بۆ ژیان، ئاراستەی ڕووداوەکانیش ئەتوانێ گۆڕانی بەسەردا بێت، بێگومان کوردستان لە ئاست ئەم دەستدرێژییە دووبارەیەی ڕێژیم بێدەنگ نابێت و دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە تەنافی ملی داگیرکەر، تاڵە قژی کچانی ئەم نیشتمانە بێ!