کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن پۆست: هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ساڵێک لەمەوبەر بە پشتیوانی گەورەی ئێران پلانی بۆ دانرابوو

12:30 - 18 رەزبەر 2723

ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆست'' لە ڕاپۆرتێکدا بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی ئەمنیەتی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی کردەوە، هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ساڵێک لەمەوبەر بە پشتیوانی گەورەی کۆماری ئیسلامی کە مەشقی سەربازی و هاوکاری لۆجستی و هەروەها دەیان ملیۆنی دۆلار بۆ چەکوچۆڵ لەخۆدەگرێت، پلانی بۆ دانراوە.

ئەم ڕاپۆرتە کە دوای ڕاپۆرتێکی هاوشێوەی ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژورناڵ'' بڵاو کرایەوە، بە ئاماژەدان بە دانپێدانانی بەرپرسان لە ئێران بۆ پێدانی پارەیەکی زۆر بۆ هاوکاری بە میلیشیاکان، لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتی ڕۆژاواییەوە نووسیویەتی: "ئەگەر بە کەسێک شێوازی بەکارهێنانی چەک فێر بکەیت، چاوەڕێی ئەوە دەکەی لە کۆتاییدا ئەو چەکەی بەکار بهێنێت."

زیاتر لە دەیان بەرپرسی ئەمنی و شرۆڤەکاری سەربازی بە ڕۆژنامەی ''واشنتۆن پۆست''یان ڕاگەیاندووە کە هێرشکردن بەو قەبارەیە ''بەبێ هاوکارییەکی بەرچاوی دەرەکی'' بۆ میلیشیاکانی فەلستین زۆر جێگای سەرسووڕمان دەبوو.

بە وتەی ''مارک پۆلی مرۆپلاس، ئەفسەری باڵای پێشووی ئۆپەراسیۆنەکانی ''سی ئای ئەی'' کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی کردووە، "بڕی ڕاهێنان،  لۆجستیک، پێوەندی، پێرسۆنیل و چەکی پێویست شوێنپێیەکی گەورەی دروستکردووە، کە هەم دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی و هەم کێشەی ئەمنییەتی ئیسرائیل نیشان دەدا.

جاناتان فاینێر جێگری ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانی کۆشکی سپی پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ''سی بی ئێس'' وتبووی: ''ئەوەی بەبێ گومان دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان لەم هێرشانەدا دەستی تێدایە، ئێران بۆ دەیان ساڵە لایەنگری سەرەکی حەماس بووە. چەکی بۆ ئامادە کردوون. فێری کردوون. لە ڕووی داراییەوە پشتگیری کردوون. و بەم پێیە، دۆخەکە سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران تەواو ڕوونە''.

لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێشوازییان لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد و لە ئێرانیش ئاهەنگیان گێڕا، ڕۆژی دووشەممە نوێنەری ڕیژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەردانەکانی لەو هێرشەدا ڕەت کردەوە.