کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بە نەرگس محەممەدی

13:07 - 18 رەزبەر 2723

''هاوپێوەندی  بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران'' لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بەخشینی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بە نەرگس محەممەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند کە ئەم خەڵاتە، مزگێنەدەری هەموو ئەو کەسانە دەبێ کە لە یەکساڵی ڕابردوودا بۆ ئازادی، دێموکراسی و بەرابەری خەباتیان کرد و درێژە بە خەبات دەدەن.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەر بڵاو بووەتەوە هاتووە: بەپێی بڕیاری کۆمیتەی نۆبێلی نۆروێژ، خەڵاتی ئاشتیی نۆبل بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە خاتوو نەرگس محەممەدی بۆ هەوڵەکانی لە ڕێگەی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و خەباتی بێوچان و ماندوونەناسانەی بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران پێشکەش کراوە. 
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئەم خەڵاتە لە حاڵیکدا بە نەرگس محەممەدی، ئەم ژنە شۆڕشگێڕە، پێشکەش دەکرێت کە زیاتر لە یەکساڵ بەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تێ دەپەڕێت. ڕێژیمی ئێران بە توندوتیژی لەڕادەبەدەر لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا بەرەنگار بوویەوە کە لەو ڕەوتەدا بە سەدان کەس کوژران، هەزاران کەس بریندار و بەشێکی زۆریش دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیانە کران.  
لە درێژەدا باس لەو کراوە، ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەم خەڵاتە، مزگێنەدەری هەموو ئەو کەسانە دەبێ کە لە یەکساڵی ڕابردوودا بۆ ئازادی، دێموکراسی و بەرابەری خەباتیان کرد و درێژە بە خەباتیشان دەدەن. 
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''یەکگرتوویی گشتگیر، پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتی نوبێلی بە خاتوو نەرگس محەممەدی ڕاگەیاندووە و ئەوە بە سەرکەوتنێک بۆ هەموو خەڵکی ئێران و ئازادیخوازەکان، بەتایبەت ژنان دەزانێت. 
هەروەها هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا نوسیویەتی: "ئێمە خوازیاری ئازادی ئەم ژنە خەباتکارە و هەموو بەندکراوانی سیاسین.''