کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتیمانپەروەر لە ناوچەی ڕەبەت

15:02 - 18 رەزبەر 2723

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەر و کۆمەڵایەتی بە ناوی سەیدعەلی عەزیزی، کوڕی شێخ حوسێن خەڵکی گوندی مەکڵاوێ  سەر بە شاری ڕەبەت بەهۆی بە ساڵاچوویەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەر و کۆمەڵایەتی و خۆشناوی ناوچەی ڕەبەت بوو، بنەماڵەیەکی میواندار و دیاری ناوچە بوون و بۆ تەبایی و ئاشتەوایی خەڵکی ناوچەی ڕەبەت نەخشی بەرچاوی هەبوو و لەبەر کەسایەتییەکەی خۆشەویستی خەڵکی ناوچە بوو.
ناوبراو بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کەسێکی جێگای متمانە و خۆشەویست بوو هەربۆیە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کە حیزبی دێموکرات بۆ هەڵسووڕانی کاروباری گوندەکان شۆرایان هەڵ دەبژارد، ناوبراو وەک شۆرای گوند لە هاوکاریکردنی حیزب و کاروباری خەڵکی گوندەکەی نەخشی دیار و بەرچاوی هەبوو.

جێگەی ئاماژەیە لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە دوای تێکشکانی جاش و ژاندارمەکان لە گوندی مەکڵاوێ و کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزی دوژمن، لشکری ژاندارم بە هاوکاریی جاشەکان بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە پێشمەرگە پەلاماری گوندی مەکڵاوێ دەدەن و چەند کەس لە خەڵکی ئاوایی و لەو بنەماڵەیە شەهید و بریندار دەکەن. لە ئاکامدا سەیدعەلی لەگەڵ برایەکی بە ناوی سەید کەریم کە مێرمنداڵ بوون وەبەر گوللـەی ژاندارم و خۆفرۆشەکان دەکەون و بەهۆی قووڵی برینەکانیان هەر کام لاقێکیان دەبڕنەوە و تا کۆتایی ژیانیان وەک کەمئەندام مانەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی سەید عەلی عەزیزی، سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی گوندی مەکڵاوێ دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.