کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

12:54 - 21 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی ناڕەزایەتیدەربڕینی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هێرانا''، ڕۆژی شەممە ٢٠ خەزەڵوەر، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی نەوت لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینیی نەوت لە کەرەج و نووسینگەی مەجلیس لە تاران، چەندین پەرستار لە ئەراک و تاران، کۆمەڵێک لە خەساربەرکەوتووانی کۆمپانیای ماشین لە بەردەم بینای دادگوستەریی قەزوین، ژمارەیەک لە کرێکارانی پۆڵاسازیی ئێران لە شوێنی کارەکەیان لە شاری ئەهواز، کۆمەڵێک هاووڵاتی لەبەردەم بینای کۆمپانیای کشتوکاڵی ''ئاستانی قودسی ڕەزەوی''، کۆمەڵێک کارمەندی فەرمیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئا‌غاجاری لە شوێنی کارەکەیان و چەند شۆفێر لەبەردەم بینای پارێزگای زابۆل بە بەڕێوبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی داوای مافە ڕەواکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.

هاووڵاتیان بە هەڵگرتنی بەنێر و پلاکارد و وتنەوەی دروشم، سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان، هاوساننەکردنی مووچەکانیان، هەڵاوسان و گرانی ناڕەزایەتییان دەربڕی. 

ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە؛ شایەنی باسە کە لەم نێویانەدا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابەرات و مامۆستایان و کرێکاران هەموو حەفتەیەک لە شارە جیاوازەکاندا ناڕەزایەتی و مانگرتن بەڕێوە دەبەن.