کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی کوردستان، ماڵاوایی لە ژیان کرد

15:35 - 22 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، دایە مەنیج قەڵات شاهی، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کوڕێکی دایە مەنیج بە ناوی ئەبووبەکر مستەفازادە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد و وەک پێشمەرگەی حیزب و دواتر وەک کادری کۆمیتەی شارستانی مەهاباد و مامۆستای فێرگەی حیزب تێکۆشانی هەبوو کە بەداخەوە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٦٨ی هەتاوی شەهید بوو.

هەر بەو بۆنەوە دایە مەنیج و بنەماڵەی شەهید ئەبووبەکر دایم لەژێر زەخت و ئازار و ئەزیەتی ڕێژیمدا بوون و چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دایە مەنیج ناچار کرا کە وەدوای کوڕە پێشمەرگەکەی بکەوێ بۆ ئەوەی لە خەبات و پێشمەرگایەتی ساردی بکاتەوە، بەڵام هەر جار کە ڕەوانە دەکرا، نە تەنیا ئەم کارەی نەدەکرد، بەڵکوو بۆ مانەوە لەنێو حیزبی دێموکرات و درێژەدان بە خەباتی ڕەوای گەلەکەی دڵگەرمیی زیاتری بە جگەرگۆشەکەی دەدا.

دایە مەنیج تا دواهەناسەکانی ژیانی بە ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجەکانی شەهید ئەبووبەکر و سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل بوو، بەڵام بەداخەوە پیری و مەرگ مەودای نەدا کە ئەو ئاواتە ببینێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دایە مەنیج دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.