کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەپێدانی هەڵاواردنی ڕەگەزی بە پاساوی جێگیرکردنی "فەرهەنگی حەیا"

11:13 - 22 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، ڕەزا موراد سەحرایی، وەزیری پەروەردەی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە بۆ جێگیرکردنی فەرهەنگی حەیا لە کۆمەڵگەدا، بە سەرنجدان بە پێگەی ژن و بنەماڵە کە لە بەڵگەی گۆڕانگاریی بنەڕەتیی پەروەردەدا هاتووە، دەبێ کتێبە دەرسییەکان بەپێی ڕەگەزی کچان و کوڕان ئامادە بکەین.

موراد سەحرایی باسی لەوە کردووە کە فێرکاریی مامۆستایانی ژن دەبێ بۆ پەروەردەکردنی دایک و باوکانی داهاتوو بێت و شەرم و حەیا بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە گۆڕانکاری لە ناوەرۆکی ٥٦ کتێبی دەرسی

بۆ ساڵی نوێی خوێندن، کراوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا، ئاماژەی بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و بەشداریی قوتابییان لەم ناڕەزایەتییانەدا کردووە و وتوویەتی: ئەگەر لە ڕۆژی یەکەمەوە خاڵەکانی ئەم بەڵگەیە جێبەجێ کرابان، ئەمڕۆ دۆخمان زۆر باشتر بوو.

ئەم گۆڕانکارییانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەییی، ڕێبەری ڕێژیم بووە و ئامانج لەم کارە پەرەپێدانی فەرهەنگی "شەهادەت" لە قوتابخانەکانە.

پرسی هەڵاواردنی ڕەگەزی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێرانەوە دەستی پێ کرد و هەموو قوتابخانەکان بە سەر کوڕانە و کچانەدا دابەش کران.

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی و پیرۆزکردنی باوەڕە ئیدئۆلۆژیکەکانی وای کردووە کە ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکانیش بەپێی ڕەگەزی قوتابییان گۆڕانییان بەسەردا بێت.