ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کرماشان، ئەهواز و شووش بەڕێوە چوو.
ناڕازییان لە بەردەم بینای فەرمانداری و تەئمین ئیجتماعی کۆ بوونەوە و بەنیسبەت خراپیی دۆخی ژیانیان و پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان، ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ناڕازییان پلاکاردگەلێکیان پێ بوو کە ئەم دروشمانەیان لەسەر نووسرابوو: سفرەی بێ نان چیتان لێمان دەوێ، مووچەی خانەنشینکراو تەنیا بۆ حەفتەیەکە، مووچەی نیوە و ناتەواو، بێدەنگ بیت هەر ئەمەیە، تەنیا لە شەقامدا مافمان وەردەگیرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا و هەمان ڕۆژدا، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی سەنایعی فوولاد لە شارەکانی تاران، ئێسفەهان و ئەهواز، ناڕەزاییەتییان دەربڕی.
دۆخی خراپی ژیان و گرینگینەدانی ڕێژیم بە داواکاریی فەرمانبەران، خانەنشینکراوان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگە وای کردووە کە هەموو ڕۆژێک لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بچێت.