کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ ڕاگواستنی منداڵانی نەخۆشخانەی شەفا لە غەززە ڕاگەیاند

12:25 - 22 خەزەڵوەر 2723

سوپای ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ ڕاگواستنی منداڵانی نەخۆشخانەی شەفا کە گەورەترین نەخۆشخانەی غەززەیە ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، سپای ئەو وڵاتە مۆڵەتی هاتنەدەر لە نەخۆشخانەکانی شەفا، ڕانتیسی و ناسر لە باکووری کەرتی غەززە دەدات و میحوەرێکی تر دەکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی کەرتی غەززە بتوانن بۆ پاراستنی گیانیان، ڕوو لە باشوور بکەن.

بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و زیادبوونی ڕۆژانەی ژمارەی بریندارانی فەلەستینی، بووەتە هۆی ئەوەی کە نەخۆشخانەی شەفا و نەخۆشخانەکانی دیکە کە دەکەونە باکووری غەززە، دابینکردنی چاودێری پزیشکی بۆ نەخۆشەکانیان قورس بێت.

هاوکات ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانیی خۆی بەنیسبەت  دۆخی تەندروستیی ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەی شەفا گیریان خواردووە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەم نەخۆشخانەیە لەدەست داوە.