کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی ڕێژیم و شەڕی حەماس و ئیسرائیل‌

10:38 - 11 خەزەڵوەر 2723

سمایل شەرەفی

ساڵێک پێش ئێستا و ڕاست لەوەها ڕۆژانێک‌دا شەقامەکانی ئێران تەژی لە ناڕەزایەتی و شۆڕشێکی جەماوەری دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواویەتی‌ خۆی‌دا بوون. شۆڕشی ژینا بە دروشمی سەرەکیی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە هەڵقوڵا و لە ناخی کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەستبەجێ سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و پشتیوانیی شەقامەکانی ئورووپای بەدوادا هات و کۆماری ئیسلامیی ئێران چ لەنێوخۆی وڵات و چ لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی‌دا تووشی گەورەترین چالشی تەمەنی دەسەڵاتداریی خۆی کرد.

ڕێژیم جیا لە وەڕێخستنی سەرکوتێکی سیستماتێک؛ کوشتن و بریندارکردنی هەزاران کەس لە خۆپێشاندەران و دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار کەسی دیکە بۆ کپکردنی شۆڕشەکە، زۆری هەوڵ دا لە ڕێگای جۆراوجۆرە، بیروڕای گشتیی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی لەسەر ئەم شۆڕشە بەلاڕێدا بەڕێت. لەسەرەتاوە ویستی وەک هەمیشە خۆپێشاندەران و ناڕەزایەتییەکان بە دەسکرد و دنەدەری دەرەکی و بێگانە بناسێنێ. خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لەیەکەم دەرکەوتنی‌دا وتی؛ دەستی ئیستکباری جیهانی لە پشت ڕووداوەکانەوەن و ئەوانەی لەسەر شەقامن، "اغتشاشگر" و ئاژاوەگێڕن و بەم ناساندنە ڕاستەوخۆ فەرمانی سەرکوتی شۆڕشەکەی دەرکرد. دواتر کە لە درێژەی خۆپێشاندانەکان‌دا خەڵکی شارەکانی دەیکەی ئێران پشتیوانییان لە خەڵکی کوردستان دەربڕی، کاربەدەستانی ڕێژیم زیاتریان ترس لێنیشت و ئەمجارەیان بە گوتارێکی کۆنی ژەنگاوییەوە هاتنە مەیدان و بە کەڵکوەرگرتن لە هەستی ناسیۆنالیستیی خەڵک، باسیان لە مەترسیی "پارچەپارچەبوونی ئێران" کرد. بۆ ئەم مەبەستە وەک هەمیشە کوردستان و حیزبە سیاسییەکانیان کردە ئامانج و تۆمەتی "جیاییخوازی" و "جیابوونەوە"یان دایە پاڵ حیزبەکانی کوردستان و خۆپێشاندەران لە شەقامەکانی کوردستان. لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا بوو کە سپای پاسدارانی ڕێژیم هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە باشووری کوردستان. لەم پێوەندییەدا ڕێژیم هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە بە نانەوەی شەڕێکی دیکە لە کوردستان و پەلکێشکردنی حیزبەکان بۆ ئەم مەیدانە، مەرامەکانی خۆی بە ڕاکێشانی بیروڕای خەڵک بۆ سیناریۆیەک کە خۆی پلانی بۆ دانابوو بەجێ بێنێ و شەقامی شارەکانی ئێران دامرکێنێ. بەڵام وەک دیتمان ئەم پیلانەی ژوورە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەلایەن هەڵوێستی ژیر و ئاگاهانەی حیزبەکان و خەڵکی کوردستانەوە پووچەڵ کرایەوە.

لە مەرحەلەیەکی دیکەی شۆڕشەکەدا کە کارکردن بۆ سازکردنی ئاڵترناتیڤ بوو، ڕێژیم لە ڕێگای هێزی سایبێری و ئاراستەکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەڵگرانی بیری شۆڤێنیزمی ئێرانییەوە، هەوڵی بەلارێدابردنی پرسەکە و نانەوەی ناکۆکی لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسینی دا کە دەکرێ بڵێین تا ڕادەیەکیش تیایدا سەرکەوتوو بوو.

سەڕەڕای هەموو ئەم پیلانانە و خۆکردنەوەیەکی کاتی و ڕواڵەتی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ ئورووپا و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک لە نێوخۆی وڵات – نەک بە گڕوتینی چەند مانگی سەرەتای شۆڕشی ژینا – درێژەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە داوە و تا ئێستاش ناوەناوە بە بیانووی جۆراوجۆر و لە دەرفەتی گونجاودا خۆی دەردەخات و بەردەوامە.

دوای ڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆر و هێرشی حەماس بۆسەر ئێسرائیل کە سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی و گشت میدیاکان خراوەتە سەر ئەم شەڕە و تەوەرێکی ئەساسیی ئەم ڕووداوانە، قسەکردن لە ڕۆڵی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانییەتی لەم ئالۆزییانەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات وەک دەرفەتێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و لەبیربردنەوەیان لە بیروڕای جیهانی‌دا لەم شەڕە کەڵک وەربگرێت. بەڵام ئەوەی ڕێژیم ناتوانێ نادیدەی بگرێ و خۆی لێ غافڵ بکات، بوونی ناڕەزایەتییەکان و قوڵبوونەوەیانە کە جارێ بە هێندێک هۆکار، لە قۆناغی خۆخوێندنەوە و خۆڕێکخستنەوەیە. ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕێژیم ئەمە باش دەزانن هەر ئەم ترسەیە کە بەبێ‌ئەوەی دانی پێدا بنێن لە سیاسەت و هەڵوێستەکانیان بەرانبەر بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بە وردبینی و تێبینییەوە دەجووڵێنەوە.

ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی لەسەر سەروەت و سامانی خەڵکی برسیی وڵات، هێز و گرووپی نیابەتی ساپۆرت و پشتیوانی بکات و وەک کارتی فشار لە مەیدانی جۆراوجۆر و یەک لەوان دژ بە ئامریکا و ئیسرائیل بەکاریان بێنێ، بەڵام لە نێوخۆی وڵات‌دا لەگەڵ نەیارێکی بەهێز و گەورەی وەک خەڵکی ئێران ڕووبەوڕوویە. خەڵک لە نێوخۆی وڵات کە لەمێژە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "نە غەزە، نە لوبنان" یەکی لێبڕاونەیان بە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکە وتووە، نەتەنیا پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل‌دا ناکەن، بەڵکوو لەهەر ئەگەرێک و دەرفەتێک‌دا کە بۆیان هەڵبکەوێ، ئامانج و ڕەساڵەتی شۆڕشی ژینا کە یەکگرتوویی نێوان گەلانی ئێران و تێپەڕین لەم نیزامە دیکتاتۆرەیە، بەجێ دەگەیەنن.

لە مەسەلەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی مەرگی ئارمیتا گراوەند و شێوازی ناشتنی تەمەکەی‌دا، زۆر بە ڕوونی دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی باش ئاگادارە کە لە ناخی کۆمەڵگەی ئێران‌دا چ هێزێک لە ڕق و بێزاری دژ بەو نیزامە بوونی هەیە و لە دەرفەتێک دەگەڕێ کە بە ڕووی‌دا بتەقێتەوە. ئەم ترسە بە هەڵوێستەکانی ڕێژیمەوە لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە دیارە و خامنەیی باش دەزانێ کە چووکەترین هەڵە و هەڵخلیسکان، دەبێتە هۆی گەشانەوەی ژیلەمۆی ڕق و بێزاریی خەڵک و بەرەو هەڵدێر و نەمانی دەبات. بۆیە لەگەڵ پاراستنی شەڕ و دنەدانی هێز و گرووپە نیابەتییەکانی بۆ بەگژداکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ترسی ڕاپەرێنی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، خۆ لە تێوەگلانی شەڕەکە دەپارێزێ.