کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەستبوونی خوێندکاران بە ناڕەزایەتییەکانەوە

11:43 - 23 خەزەڵوەر 2723

ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی تەربییەت مودەڕس، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە گوشارەکانی حیراسەتی زانکۆ و بەردەوامیی سەرکوتکارییەکان، مانیان گرت و لە ڕۆیشتن بۆ سەر پۆلەکانی خوێندن خۆیان بوارد.

چالاکانی خوێندکاری باسیان لەوە کردووە کە لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە، کەشی زانکۆکان بە هۆی بانگکرانی بەردەوامی خوێندکاران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و حەراسەت، هەڵپەساردنی کاتی لە خوێندن و دەرکرانی خوێندکاران و مامۆستایانەوە، بەتوندی ئەمنییەتیی کراوە.

پێشتریش، لە ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەردا، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە چالاکانی خوێندکاری و خوێندکارانی زانکۆی عەلامە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بەنیسبەت سەرکوتی خوێندکاران و دەرکرانی حوکمی هەڵپەساردن، دەرکران و زیندان بۆ چالاکانی خوێندکاری، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، ٦ ڕێکخراوی خوێندکاری لەگەڵ ٩ زانکۆ لە سەرتاسەری ئێراندا کە کۆمیتەی سەرتاسەریی خوێندکارانی کوردستان و خوێندکارانی زانکۆی ئازادی سنەش لەخۆ دەگرێ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتی  و مانگرتنی کرێکاران و فەرمانبەرانی نەفت و پێترۆشیمی دەربڕی.