پاش تێپەڕبوونی ٥ حەفتە بە سەر شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا، وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش خوازیاری ڕاگرتنی کاتی بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بوون.
٢٧ وڵاتی ئورووپایی حەماسیان بە هۆی بەکارهێنانی نەخۆشخانە و خەڵکی سڤیل وەکوو قەڵغانی مرۆیی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، مەحکووم کرد.
ئەم ٢٧ وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە حەماس کردووە کە بە زووترین کات و بە بێ مەرج، بارمتەکان ئازاد بکات. هەروەها خوازیاری کردنەوەی رێڕەوی ئاوی بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ نەواری غەززە بوون.
لەم بەیاننامەیەدا هیچ باسێک لە ئاگربەست نەکراوە. ئاڵمان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە هۆی ناڕوونبوونی دۆخی ٢٠٠ بارمتەگیراوی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست نییە.