کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

15:40 - 23 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، خاتوو زەینەب ئەحمەدی (گادانی)، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات، بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا و لە شاری مەهاباد، کۆچی دوایی کرد.

خاتوو زەینەب، هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی ژیانی هاوبەش لەگەڵ حاجی سمایل گادانی، بە هۆی چالاکی و سیاسیبوونی بنەماڵەی گادانییەوە، دەستی بە تێکۆشان و هاوکاریی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە کرد.

خاتوو زەینەب، یاری بەوەفای سیاسەتمەتداری گەلەکەمان، نەمر کاک جەلیل گادانی و نەمران کاک خەلیل و کاک محەممەد گادانی و هەروەها کوڕی تێکۆشەری خۆی، کاک سەلاح گادانی بوو.

خاتوو زەینەب یەکێک لە ئەندامانی چالاک و دامەزرێنەرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە؛ هەر لە کاتی کۆمارەوە و تا کۆتایی تەمەنی بە گوێرەی پێوست یارمەتیدەر و ئەندامێکی وەفادار بە ڕێکخراوەکەی مایەوە و هاوکات لە دەورانی زیندانیبوونی هاوسەرەکەی و باقی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا، نموونەیەک لە خۆڕاگری بوو و هەردەم هاندەری ئەندامانی بنەماڵە و هەموو ژنانی تیکۆشەری کورد بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.