کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ئیسرائیل چوونە نێو نەخۆشخانەی شەفا لە باکووری غەززە

10:50 - 24 خەزەڵوەر 2723

ئەشرەف ئەلقاعیدە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە دەڵێت: "هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە نێو نەخۆشخانەی شەفا و ئێستا لە نووسینگەی بەڕێوەبەریی نەخۆشکانەکەدان."

لەلایەکی دیکەوە ئەرتەشی ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنێکی لە نەخۆشخانەی شەفا دەست پێ کردووە و دەڵێت: "بنکەی سەرەکیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە."

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل کاتژمێرێک پاش دەستپێکی ئۆپەراسیۆن لە نەخۆشخانەی شەفا، بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەسەر هەژماری "ئیکس"، داوای لەو تێرۆریستانەی حەماس کردووە کە لەنێو نەخۆشخانەکە خۆیان حەشارداوە تاکوو، تەسلیم بن.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە دوکتور "مونیر ئەلبرەش"، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "سی ئێن ئێن" وتی: "کارمەندانی نەخۆشخانەکە فەرمانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی نەخۆشخانەکەیان ڕەت کردوەتەوە، چونکە دەترسن کە لە پاش ڕۆیشتنی ئەوان ئەو ٧٠٠ نەخۆشەی کە لەوێدا ماونەتەوە گیانیان لەدەست بدەن."

هەروەها وتوویەتی "ئەگەر بریندارەکان بەجێ بمێنن دەمرن و تەنانەت ئەگەر بیانگوازنەوە بۆ شوێنیکی دیکە، لە ڕێگادا گیانیان لەدەست دەدەن."