کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزترین ئاستی هەڵاوسان لە ڕەزبەڕی ئەمساڵدا تۆمار کراوە

11:21 - 24 خەزەڵوەر 2723

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بانکی ناوەندیی ئێران، نرخی هەڵاوسان لە ڕەزبەری ئەمساڵدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٢٢ مانگی ڕابردوودا.

ماڵپەڕی "ئێکۆ ئێران" نرخی ئەم هەڵاوسانەی ٥٤.٨ لەسەد ڕاگەیاندووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە پێشتر ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسانی مانگی ڕەزبەری ٤٥.٥ لەسەد ڕاگەیاندبوو، بەپێی ئەو نرخەی کە بانکی ناوەندی ڕایگەیاندووە، هەڵاوسانی ڕەزبەر ٩.٣ لەسەد زیاتر بووه.

بەپێی ئەم زانیارییانە دەردەکەوێت کە نرخی هەڵاوسان لە چوار مانگی ڕابردوودا بەرز بووەتەوە.

لەحاڵێکدا کە بانکی ناوەندیی ئێران نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی مانگی ڕەزبەری ٥٤.٣ ڕاگەیاندووە، ناوەندی ئاماریی ئێران پێشتر ٣٩.٢ لەسەدی بۆ نرخی هەڵاوسان لەم مانگەدا بەراورد کردبوو، کە ١٥.١ لەسەد جیاوازییان هەیە.

هەواڵدەریی "ئیلنا" لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەستکورتیی خەڵک کردووە و نووسیویەتی: "بەشێک لە کرێکاران لە نیوەی دووهەمی مانگدا  تەنیا بە یەک دانە هێلکە ژیان بەسەر دەبەن."

ئیلنا لە ڕاپۆڕتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "تێچووی بژێوی ژیان بۆ هەر بنەماڵەیەک لە تاران لانیکەم ٢٥ میلیۆن تمەنە و بە داهاتی ٩ میلیۆن تمەنیی کرێکاران تەنیا، ٣٦ لەسەدی پێداویستیی ژیانیان دابین دەبێت، کەوابوو زیاتر لە نیوەی مانگیش گیرفانی کرێکاران خاڵییە."