کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ داوای لە دادگای لاهە کرد کە بەدواداچوون بۆ دۆخی غەززە بکات

11:43 - 24 خەزەڵوەر 2723

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، داوای کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە وەکوو جینایەتی جەنگی، بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

چاوەدێری مافی مرۆڤ داوای لە ئیسرائیل کردووە کە کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان  بێنێت و جەختی کردەوە کە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی و دادگای لاهە دەبێ لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن.

ئەم ڕێکخراوە باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر نەخۆشخانەکانی زۆرتر کردووە و تاکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە بوونی هێزی نیزامی لەو شوێنانە نەدۆزراوەتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە  ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ ڕایگەیاند کە گرووپی حەماس، بۆ ڕاگرتنی بارمتەکان، ئەنباری چەکوچۆڵ و مەقەڕی سەربازی، کەڵکی لە نەخۆشخانەی ڕینتیسی وەرگرتووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە کەرەستەی شەڕکەر وەکوو جلی خۆتەقاندنەوە، نارنجۆک، چەک و مووشەکی ئارپیجی، باسی لە مووشەکهاوێژییەکانی حەماس لەم نەخۆشخانەیەوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە خۆتەقێنەکانی حەماسیش هەر لێرەوە بەرێ دەکرێن.