کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵییەکانی سپای پاسداران بەرۆکی خەڵکی گرتووە

12:50 - 24 خەزەڵوەر 2723

بەپێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، سپای پاسداران بۆ ڕادەستکردنی سەنەدی زەوینی ماڵەکانی شارەکی پەنج ئازەر لە شاری سنە، داوای یەک میلیارد تمەن پارە لە خاوەن زەوینەکان ئەکات.

بەپێی زانیارییەکان، زەوینەکانی ئەو شارەکە، زیاتر لە بیست ساڵ پێش ئێستا بە جاش و پاسدارەکان دراوە و ئەوانیش بە پارەیەکی زۆرتر زەوینەکانیان بە خەڵک فرۆشتووەتەوە و هیچ پارەیەکیان بە دەوڵەت نەداوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سپا و مەسکەن و شارسازیی سنە گوشاریان خستووەتە سەر خەڵكی خاوەن زەوینەکان و داوایان لێ کردوون کە دەبێ بەشە پارەی دەوڵەت لە گیرفانی ئەوان بدرێت.

ئەم ناوەندانە بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پارە نەدەن، ساڵی داهاتوو بە نرخی ڕۆژ حیسابتان لەگەڵ دەکرێ، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەم پارەیە دەبا پێشتر لەلایەن سپاوە بە ڕێژیم درابا.

گەندەڵییەکانی سپای پاسداران و گوشارەکان بۆ وەرگرتنی پارە، خاوەنی ئەم زەوینانەی تووشی کێشە کردووە و بەدواداچوونەکانیان بۆ ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم تاکوو ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.