کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئێن: ئەندامانی حەماس لە ئێراندا بوورسییەی خوێندنیان پێ دەدرێت

11:15 - 25 خەزەڵوەر 2723

سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە هەندێ بەڵگە، ڕایگەیاندووە کە فەرماندەیەکی حەماس لە نامەیەکدا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە بوارەکانی ئەندازیاری، فیزیک و تێکۆنۆلۆژیدا لە زانکۆکانی ئێران، بوورسییەی خوێندنیان پێ بدرێت.

لەم نامەیەدا، حەماس داوای بوورسییەی بۆ ٧ کەس لە ئەندامانی خۆی کردووە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی، ڕایگەیاندووە ئەمە یەکەمین بەڵگەی ئاشکرایە کە نیشان دەدات، ڕێژیمی ئێران هەوڵی ڕاهێنانی ئاکادێمیک بۆ گرووپی حەماس دەدات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیسرائیل، ئەندامانی حەماس لە ڕێگەی زانکۆکانەوە بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی تەقینەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە و ئەگەری زۆرە کە سپای پاسداران ئەم کارەی لە ئەستۆ گرتبێت.

ئامانج لەم ڕاهێنانە ئاکادێمیکە، بەرزکردنەوەی توانایی نیزامیی حەماسە بۆ ئەوەی کە بە ڕێژەیەکی کەمتر لە ڕابردوو و لەم بوارەدا پشت بە ڕێژیم ببەستێ.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، ئێنسیە خەزعەلی، جێگری ڕەئیسی بۆ کاروباری ژنان ڕایگەیاند کە ئامادەی پێدانی بووریسییەی خوێندن بە ژنان و کچانی خوێندکاری غەززەن.

دۆزرانەوەی ئەم بەڵگەیە لەحاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران، لە دەسپێكی شەڕەکەوە، ئیدعاکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆڵگێڕان لەم شەڕەی ڕەت کردووەتەوە.