هەواڵدەریی فەڕانسە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند "دەزگای دادوەریی ئەم وڵاتە، فەرمانی دەسبەسەرکرانی نێودەوڵەتیی بۆ بەشار ئەسەد دەر کردووە.
سەرۆککۆماری سووریە بەوە تۆمەتبار کراوە کە لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دۆسییەی هێرشە کیمیاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە سووریە، دەستی هەبووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم هەواڵدەرییەی ڕاگەیاندووە کە چوار حوکمی دەسبەسەرکران بۆ بەشداریکردن لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بۆ هێرشەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی دەمیشق بە گازی سارییەن کە گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی بە دواوە بوو، دەرکراوە.
ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەد و فەرماندەی لەشکەری ئەرتەشی سووریە، ژێنێراڵ غوسان عەباس، بەڕێوەبەری لقی ٤٥٠ی ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیی سووریە، ژێنێراڵ بەسام ئەلحەسەن، بەرپرسی پێوەندی و بەرپرسی ئاسایشی سووریە، ئەو سێ کەسەی دیکەن کە فەرمانی دەسبەسەرکرانیان لەلایەن دادوەریی فەرانسەوە بۆ دەرکراوە.
لێکۆڵەرانی یەکەی تاوانەکانی شەڕ دژ بە مرۆڤایەتیی دادگای دادوەریی پاریس، لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینییەوە سەبارەت بەو هێرشە کیمیایانەی کە بەشار ئەسەدی پێی تۆمەتبار کرابوون، لێکۆڵینەوەیان کردووە.
ئەم لێکۆڵینەوانە لە دوای سکاڵای چەند ناوەند و ئەنجومەنی مافی مرۆیی و میدیایی دەستیان پێکرد.
شەڕێ نێوخۆیی سووریە کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد و تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نیو میلیۆن کەس و ئاوارەبوونی میلیۆنان کەسی دیکە.