کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵکی زاهێدان، چەکوچۆڵی قورس بەکار دەهێنێت

12:21 - 25 خەزەڵوەر 2723

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، فەرماندەی ئینتیزامیی زاهێدان باسی لە جێگیرکردنی ماشینی زرێپۆش لەم پارێزگایە، بە مەبەستی "دابینکردنی ئەمنییەت و هەڵسوکەوتی جیددی لەگەڵ دژبەرانی ئەمنییەت" کرد.

ئامانجی ڕێژیم لەم کارە، ئامادەکاری بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لە ڕۆژی هەینیدایە و هەموو حەفتەیەک دەوروبەری مزگەوتی مەکیی زاهێدان لەلایەن ڕێژیمەوە مێلیتاریزە دەکرێ.

بەپێی ڕاپۆڕتی ماڵپەڕی "حاڵ وەش"، ڕۆژی هەینی حەفتەی ڕابردووش، هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە زاهیدان بە دامەزراندنی خاڵی پشکنین و هەڵدانی خێوەت و داخستنی شەقامەکان، دەستیان بە پشکنینی خەڵک بەتایبەتی ژنان کردبوو.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابڕدوو و پاش تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیم لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ کە بوو بە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس لە نوێژکەران، خەڵکی شاری زاهیدان هەموو ڕۆژانی هەینی لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

ئەم خۆپیشاندانانە بە "خۆپیشاندانەکانی هەینی زاهێدان" ناسراون.