ئامریکا ٦ ئەندامی پلەبەرزی "کەتائێبی حیزبوڵڵا" ی خستە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە و هاوکات و دوو کەس لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی سزا دا.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند: "گرووپی چەکداریی کەتائێبی حیزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی سەربازی و دارایی لێ دەکرێت، لەپشت هێرشەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق و سووریە بووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا هەروەها گەمارۆی خستەسەر "هاشم فەنیان" و "ڕەحیم سێراجی"، فەرماندەی میلیشیاکانی "کەتائێبی سەیەدۆلشۆهەدا" کە گرووپێکی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە عێراقە.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکادا هاتووە: ئەم دوو گرووپە چەکدارە لەلایەن سپای پاسدارانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت و لە پشتی هێرشەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکە بوون."
بەپێی زانیارییەکان لە دوای دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائێلەوە و لەماوەی یەک مانگدا، ٢٧ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق و ٣١ جاریش لە سووریە.
هەر لەم پێوەندییەدا، وەزارەتی دادوەریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، دوو کەس کە لە ویلایەتی تێگزاسی ئامریکا، هەوڵی فرۆشتنی نەوتی ئێرانیان بە پاڵاوگەیەک لە چین داوە و هەروەها پارەیان بۆ ڕێژیمی ئێران سپی کردوەتەوە، بە تاوانی دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بە زیاتر لە ٤٥ ساڵ زیندان، مەحکووم دەکرێن.
بە وتەی وەزارەتی دادی ئامریکا، ئەم دوو کەسە لە ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ی زایینیشدا لە پیلانێک بۆ کڕینی نەوت لە ئێران بەشدار بوونە.