ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەر، ١٩ سێناتۆری کۆماریخواز، بە ناردنی نامەیەک بۆ جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئامریکا، خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوی گەمارۆ نەوتییەکان دژی ڕێژیمی ئێران و بلۆکەکردنی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەش میلیارد دۆلار، بوودجەی ئێران لە قەتەر بوون.
بایدن لە کاتی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان حکوومەتی ئەمریکا و ڕێژیمی ئێراندا، ئازادکردنی شەش ملیارد دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ڕێژیم لە کۆرەی باشوور و گواستنەوەی بۆ قەتەری قبووڵ کرد.
بە وتەی سێناتۆرەکانی ئامریکا، ئەم ٦ میلیاردە لە جیاتی ئاسایش و گوزەرانی خەڵکانی ئێران، بەمەبەستی ئامانجە گڵاوەکانی ڕێژیم لە ناوچە و جیهاندا کەڵکی لێ وەرگیراوە.
سێناتۆرە کۆماریخوازەکان ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی زۆرە خۆی لە دەرئەنجامەکانی دابینکردنی ماڵیی تێرۆریسمی توندڕەو بەدوور گرتووە.
ئەم سێناتۆرانە داوایان لە بایدن کردووە کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان بۆ پشتیوانی لە گرینگترین هاوپەیمانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست واتە ئیسرائیل، ڕێگاکانی بەردەستی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە پارە ببڕێت و بەتایبەتیش پێش بە هەناردەکردنی نەوت بگرێت.