کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی ڕێژیم لەلایەن قوتابییانەوە پووچەڵ کرایەوە

12:18 - 27 خەزەڵوەر 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا، بە گوشارخستنەسەر قوتابییان هەوڵیان دا ڕێپێوانی سەرتاسەری دژی ئیسرائیل بەڕێوە ببەن و پشتیوانی لە گرووپی حەماس بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز، هەوڵیان داوە بە بێ وەرگرتنی ئیزن لە بنەماڵەی قوتابییان، لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە حەماسدا بەشدارییان پێ بکەن و ناچاریان بکەن کە دژ بە ئیسرائیل دروشم بدەن.

قوتابییانی چاوکراوی سەقز، بە مانگرتن و بەشدارینەکردن لەم ڕێپێوانەدا، وڵامی هێزەکانی ڕێژیمیان دایەوە و تەنیا کەسانێکی سەر بە خودی ڕێژیم لە ڕێپێوانەکەدا بەشدار بوون.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، قوتابییان بەشدارییەکی بەرچاویان لە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم، لە دوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی هەبوو و لە هەموو شارەکانی کوردستاندا پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانەوە بوون.