کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ترسی ڕاپەرێنی خەڵک، یاریی دوو تیمی فووتباڵی هەڵوەشاندەوە

16:42 - 27 خەزەڵوەر 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شۆرای دابینکردنی ئەمنییەت لە فەرمانداریی بۆکان، لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک لە ساڵڕۆژی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، یاریی فووتباڵی نێوان دوو تیمی لاوانی نەورۆزی بۆکان و لاوانی ئارومی ورمێی، هەڵوەشاندەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم یارییە بڕیار بووە ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر لە مەیدانی خاتەمولئەنبیای شاری بۆکان بەڕێوە بچێت، بەڵام شەوی هەینی، بەرپرسانی مەیدانی فووتباڵی بۆکان، بەرپرس و ڕاهێنەری تیمی نەورۆزی بۆکان، بانگی فەرمانداریی ئەو شارە کراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە نابێ یارییەکە بەڕێوە بچێت.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە خوێناویترین مانگەکانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان بوو. هاوکات ئەم مانگە، ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ە، هەر بۆیە ڕێژیم بە هەستیارییەوە لێی دەڕوانێ و بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم یارییە هەوڵی داوە پێش بە بەردەوامیی ڕاپەرێنی خەڵک بگرێت.