کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوتریش/ دیداری نوێنەری حیزب و سایە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شۆرای بەڕیوەبەری شاری ڤییەن

10:37 - 28 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی خەزەڵوەر(١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٣)، محەممەد فەقێ‌عەلی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش، سەردانی خاتوو سایە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی شۆرای بەڕێوەبەریی شاری ڤییەن و بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی مەنتقەی نۆیی ئەو شارە لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئوتریشی کرد.

بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزبی دێموکرات، لەم دانیشتنەدا سەرنجی خاتوو سایە ئەحمەدی بۆ ئەم خاڵانە ڕاکێشا.

ـ حیزبی دیمۆکرات و مێژووی خەباتی ئەم حیزبە، بە تایبەتی وەک حیزبێکی بەپرنسیپ و خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پابەندبوونی بە هەموو یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ.

ـ جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەگشتی و دژ بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بەتایبەتی.

گێرەشێوێنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و پەروەردەکردنی تاقم و دەستەی تێرۆریستی لە هەر شوێنێک کە بۆیان بلوێت، و یەک لەوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. وەک نمونە هێرش بۆسەر سۆهراب ڕەحمەتی، کە پارێزەرە و تەنیا بە هۆی ئەوەی کە لەو پەروەندانە دەکۆڵێتەوە، کە پەروەندی تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دژی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بوون، کەوتۆتە بەر دەستڕیژی تێرۆریستان و بەتوندی بریندار بووە.

ـ شۆڕشی ژینا و پێشەنگایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو شۆڕشەدا.

گرینگیدان بە کورد و کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش، لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەوە.

بەهێزکردنی پێوەندییەکانی حیزبی سۆسیال دیمۆکرات لەگەڵ حیزبی دێموکرات.

 

ـ دروستکردنی پلاتفۆرمێکی گشتگیری ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بە ڕەگەز کوردن و لە وڵاتی ئوتریش لە حیزبە سیاسییەکاندا چالاکن و شوێن پەنجەیان دیارە. بۆ ئەو مەبەستەش بەشی پەیوەندیەکانی حیزبی دێموکرات پێشنیاری گرتنی کۆنفرانسێکی فرەڕەهەندی بۆ کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش لەگەڵ ئەو سیاسییە کوردانە کرد کە لە حیزبە جۆراوجۆرەکاندا خەبات دەکەن و بەرچاون.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا، سایە ئەحمەد خۆشحاڵیی خۆی لە سەردانی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات دەربڕی و هیوای خواست کە ئەمە دوایین دیدار نەبێت و بتوانن بە یەکەوە خزمەت بە ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتە بکەن.