کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونە ناڕەزایەتییەکان لە چەندین شاری کوردستان و ئێران

10:42 - 28 خەزەڵوەر 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و کارمەندان، چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، کۆمەڵێک لە پەرستارانی شاری یەزد لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە و پەرستارانی شاباد و کرماشان لە بەردەم زانکۆی زانستی پزیشکی لە کرماشان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای مافەکانیان کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا، کۆمەڵێک لە وەرزێڕان لە ئیسفەهان و کۆمەڵێک لە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە مەشهەد و بەشێک لە کارمەندانی گرێبەستی کاتیی وەزارەتی نەوت لە ئەهواز، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانیان خوازیاری مافەکانیان بوون.

سەرەڕای بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، هیچکام لە داواکارییەکانی ئەو ناڕازییانە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە جێبەجێ نەکراوە.