کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوەچڵ مانەوەی پرۆژەی مۆزەخانەی کرماشان پاش ٥٠ ساڵ

10:54 - 28 خەزەڵوەر 2723

کەمەترخەمی و گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لە کرماشان، نیوەچڵ مانەوەی پرۆژە کولتوورییەکان لەم پارێزگایەی بەدواوە بووە.

 پاش تێپەڕبوونی ٥٠ ساڵ لە دەسپێکی جێبەجێکردنی پرۆژەی مۆزەخانەی ناوچەیی کرماشان، ئەم پرۆژەیە بە هۆی کەمتەرخەمی و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم و تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست، بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

داریووش فەرمانی، بەرپرسی میراتی کولتوریی کرماشان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە خوێندنەوەکان و گەڵاڵە پێشووەکان کە بۆ ئەم مۆزەخانەیە دیاری کرابوون، لەگەڵ ڕێساکانی ئێستادا یەک ناگرنەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بە پێدانی وادە، باسی لە چارەسەرکردنی کێشە و کەموکۆڕییەکان لە ماوەی یەک دوو مانگی داهاتوو و وەرگرتنی بوودجە کرد.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ئاخرین سەفەری خۆیدا بۆ کرماشان، ٥٥ میلیارد بوودجەی بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە تەرخان کردبوو کە تاکوو ئێستا تەنیا ٥ میلیاردی بۆ پرۆژەکە خەرج کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرپرسی کتێبخانە گشتییەکانی کرماشان ڕایگەیاندبوو کە پرۆژەی کتێبخانەی ناوەندیی ئەم شارە، پاش تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ، هێشتا تەواو نەکراوە و بۆ تەواکردنی ١٢٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە کە تەنیا ١٠ میلیارد تمەنی بۆ خرج کراوە.