ڕێبەرانی کۆمەڵگەی بەهایی شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی پەیڕەوانی ئەم ئایینەیان لە ئێران ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیندراوێکدا کە نوێنەری نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەی بەهایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، باس لەوە کراوە کە لانیکەم ١٩ ئەندامی کۆمەڵگەی بەهایی ئێران لە حەفتەی ڕابردوودا لە ماڵەکانیان لە کەرەج و هەمەدان دەسبەسەر کراون.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە مانگی ڕابردووشدا ١٠ ژنی بەهایی لە ئیسفەهان دەسبەسەر کرابوون. بەم پێیە لە ماوەی یەک مانگدا ژمارەی ئەو بەهاییانەی کە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون گەیشتووەتە ٣٢ کەس.
بەپێی ئەو ڕاگەیندراوە، تاکوو ئێستا تەنیا دوو لەو ژنانەی کە لە ئیسفەهان دەستبەسەر کراون، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. ئەوانی تر لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیشیان لە گرتنگەکانی ڕێژیم بێبەری کراون.
گوشارەکان بۆ سەر کەمینەکان و لەوانەش کۆمەڵگەی بەهاییەکان لە ئێراندا بە بەردەوامی ڕووی لە زیادبوونە و ئەمەش نیگەرانیی جیددی ناوەندە جیهانییەکانی مافی مرۆڤی بە دواوە بووە.