کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ڕەوتی سیاسی هەوڵی تێرۆری سۆهراب ڕەحمەتییان مەحکووم کرد

12:23 - 28 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، هەوڵی تێرۆری سۆهراب ڕەحمەتی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: سەهراب ڕەحمەتی، خەڵکی بۆکان، پارێزەر و بەرگریکاری مافی مرۆڤی کورد و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، لەلایەن کەسانی سەر بە سپای قودسەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە هەولێر، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی تێرۆریستی. هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە بکەرانی ڕووداوەکە دەسبەسەر بکەن و سۆهراب ڕەحمەتی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێرە.

لە بەشێکی دیکەیدا هاتووە: بەکرێگیراوانی سپای قودس سەرەڕای ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە و هێرشی مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی ئامریکا لە ناوچە و بەتایبەت لە سووریە و عێراق، پرۆژەی تێرۆری جیابیران لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبەن.

لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە چالاکییەکانی سۆهراب ڕەحمەتی لە دۆسییەکانی تێرۆری ڕێژیمی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و دژ بە حیزبی دێموکرات کراوە.

 لە کۆتاییدا هاتووە کە هاوپێوەندیی گشتگیر و کۆنگرەی نەتەوەکان، تێرۆری سۆهراب ڕەحمەتی مەحکووم دەکەن و داواکارن کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەرنجی زیاتر بخەنە سەر پاراستنی گیانی چالاکانی سیاسی لەم ناوچەیەدا.