ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، بەرەی دێموکراتیکی ئەحواز، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، هەوڵی تێرۆری سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی، مەحکووم کرد.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: شەوی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، دەستی ڕەشی ڕێژیمی داگیرکەر و تێرۆریستی ئێران، هاووڵاتیی کورد و چالاکی سیاسی، سۆهراب ڕەحمەتیی لە هەرێمی کوردستاندا کردە ئامانج و سەرلەنوێ ڕووی قێزەون و نامرۆڤانەی ڕێژیمە منداڵکوژ و دژەژن و دژەئازادییەکەی خۆی دەرخست.
بەرەی دێموکراتیکی ئەحواز، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە دژی ڕێژیمی شەڕ، داگیرکاری و تێرۆری کۆماری ئیسلامی کە تاکوو ئێستا خوێنی هەزاران ئازادیخوازی ڕشتووە، یەکدەنگ بێت و ڕیشەی زێدەڕۆیی و تێرۆر لە ناوچەکە دەربێنێ.