وەزارەتی نێوخۆی کوەیت ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە گروپێکی تێرۆریستی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانیان شناسایی و دەسبەسەر کردووە کە بە ئاراستەی لاوازکردنی ئەمنییەتی نێوخۆ چالاکییان دەکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ١٤ هاووڵاتیی کوەیتی و دوو کەس بە ڕەگەزنامەی لوبنانی دەسبەسەر کراون.
بەرپرسانی ئەمنییەتیی کوەیت ڕایانگەیاندووە کە ئەم کەسانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیاندا چەکی گەرم، تەقەمەنی، ئامێری پەیوەندیکردنی کۆدکراو، دڕۆن، نەخشە، ماددەی هۆشبەر، پارەی نەختی و کەلوپەلی پڕوپاگەندەی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵایان پێ بووە.
وەزارەتی نێوخۆی کوەیت جەختی کردەوە کە حیزبوڵڵا لەم وڵاتەدا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت و هەر جۆرە چالاکییەکی قەدەغەیە.
بە وتەی ئەم دامەزراوەیە، ئەندامانی ئەم تۆڕە لە هەوڵدا بوون لە ڕێگەی ڕاکێشانی ئەندام و ڕێکخستنی کردەوەی تێکدەرانە، سەقامگیری و ئەمنییەتی نەتەوەیی بکەنە ئامانج.
لە بەیاننامە بڵاوکراوەکەدا هاتووە کە ئەم گرووپە بە نیاز بوون لە ڕێگەی نانەوەی بشێوی و تێکدانی نەزمی گشتی، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دژی ئەمنییەتی هاووڵاتییان و ژێرخانەکانی وڵات دروست بکەن.
بەرپرسانی کوەیت ڕایانگەیاندووە کە ڕێکارە ئەمنییەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هاوشێوەکان بەردەوام دەبن و بە توندی ڕووبەڕووی هەر جۆرە چالاکییەکی پەیوەندیدار بە گروپە تیرۆریستییەکان دەبنەوە.