کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: لە هێرشەکانماندا بۆ سەر ئێران، زیاتر لە ٧ هەزار ئامانجمان پێکاوە

10:50 - 26 رەشەمه 2725

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاندووە کە تا ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە ٧ هەزار ئامانجی بۆردومان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سێنتکام زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ فڕینی جەنگی ئەنجام داوە و زیاتر لە ١٠٠ بەلەمی سەر بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی زیانیان پێگەیشتووە یان بەتەواوی تێک شکێندراون.

سێنتکام ئامانجی ئەم هێرشانەی بۆ لاوازکردنی ژێرخانە سەربازییەکان و توانای ئۆپەراسیۆنیی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

بە وتەی سێنتکام، ئامانجی ئەم هێرشانە بریتی بوون لە: "ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، بنکەی ئیتلاعاتی و بیناکانی سەر بە سپای پاسداران، کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک و دڕۆن و کۆگاکانی تەقەمەنی، بنکەکانی مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان و ژێرخانەکانی پشتیوانیی نیزامی".

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەرتەشی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ٢٣ جۆر فڕۆکەی سەربازی لەوانە؛ بومبەهاوێژە ستراتیژییەکانی وەک B-1، B-2 و B-52 لەگەڵ چەندین جۆر فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی تانکێر و هەلیکۆپتێری جەنگی بەکار هێناوە.