کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە دڕۆن هێرشی کرایە سەر

11:27 - 26 رەشەمه 2725

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەندین دڕۆن هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بەشێکی سەفارەتەکە ئاگری گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، ئەم هێرشە کە لانیکەم پێنج درۆنی تێدا بەکارھاتووە، بە توندترین هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە دوای دەسپێکی شەڕی ئەم دواییەی ناوچەکە دادەنرێت.

شایەتحاڵەکان دەڵێن سیستمی بەرگریی ئەو باڵوێزخانەیە توانیویەتی دوو دڕۆن لە ئاسماندا تێک بشکێنێت، بەڵام دڕۆنێکی دیکە لەنێو حەوشەی باڵوێزخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و بەرزبوونەوەی دووکەڵ. دوابەدوای هێرشەکەش دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی سەوزی بەغدا بیستراوە.

ئەم هێرشە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران ئەنجام دراوە.

چەند کاتژمێرێک پێش ئەو ڕووداوە، باڵوێزخانەی ئەمریکا هۆشداریی ئەمنییەتی بە هاووڵاتییانی دابوو کە میلیشیا تێرۆریستییەکان پلان بۆ هێرشکردنە سەر "ناوچەی سەوز" دادەڕێژن.

تا ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام دۆخی ئەمنییەتی ناوچەکە ئاڵۆزە.