کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ دێهیار لە گوندەکانی بانە دەستیان لەکار کێشایەوە

09:55 - 29 خەزەڵوەر 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، ١٥ دێهیاری بەشی نەمەشیر سەر بە شاری بانە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە گەندەڵی و وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە، لە کۆبوونەوەی بەخشداریدا، دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.

بەشێک لە کێشەی خەڵک ئەوەیە کە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە پێدانی کارتی کۆڵبەری بە خەڵک خۆیان بواردووە و کارتەکەیان بە کەسانێک داوە کە سیخوڕ و بەکرێگیراوی ڕێژیمن.

بەپێی زانیارییەکان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەوانە ئیتلاعات، مەرزبانی، ئیتلاعاتی سپا و هەروەها ئیتلاعات، سەهمییەی کۆڵبەرییەکەیان بە کەسانی سەر بە ڕێژیم داوە و بەم پێیە خەڵکی ئاسایی، مانگێ جارێکیش مافی کۆڵبەرییان نییە.

ئەو گوندانەی کە دێهیارەکانیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە بریتین لە: ئاڵۆت، مەزرەلان، ماماڵ و بەنەژاژ و چۆمان، ماڵتە، ئەنجێنە، سەرسوڵ، زەڵێ ، بەردەڕەش، ساڵە، کیوەرۆ، یاکوباوا، بەردەبووک.

ئەم گەندەڵییەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە سەرچاوە مافی مرۆییەکان، ڕۆژانە بە دەیان کەس لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و لە کاتی کۆڵبەریدا دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزەکانی ڕێژیم و ژمارەیەکی بەرچاویان بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.