کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان لە سووریە، بەتوندی وڵامی ئامریکا دەدەینەوە

11:15 - 29 خەزەڵوەر 2723

وەزیری دەرەوەی ئێران  ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، لە وتووێژێک لەگەڵ میدیایەکی ئینگلیسیدا ڕایگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانیان لە سووریە، بەتوندی وڵامی ئەمریکا دەدەنەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بە وتەی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە ١٧ی ئۆکتۆبری ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، ٦١ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ٣٣ هێرش بۆ سەر سووریە و ٢٨ هێرش بۆ سەر عێراق بووە و لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، ٥٨ سەرباز بریندار کراون.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان باس لە ناکۆکیی پێنتاگۆن، سەبارەت بە بڕیاڕدان لەسەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "واشینگتۆن پۆست" لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاندووە لە کاتێکدا بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئامەریکا لە عێراق و سووریە لە نێوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لەژێر هێرشی بەردەوامدان، هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی پێیان وایە ئەو ستراتیژییەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میلیشیاکانی ئێران هەڵبژێردراوە،  کاریگەر نییە.

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە: هێرشە ئاسمانییە کورتەکان نەیانتوانیوە پێش بە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بگرن و پاشەگەزیان بکەنەوە، بۆیە فەرماندە ئامریکاییەکان خوازیاری وڵامێک لە نموونەی کوشتنی قاسم سلێمانین تا بتوانێت پشتی سپای پاسداران بشکێنێت.

 

ئەمریکا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری هێرشەکان دەزانێت.  بۆیە هێزەکانی ئەمریکا ٣ جار بنکەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە سووریە کردووەتە ئامانج. بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی پێنتاگۆن، لە دەرئەنجامی ئەو هێرشانە، زیانی گەورە بەر ئەو گرووپە چەکدارانە کەوتووە.