کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی خوێندکاری بیانی بەمەبەستی پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم

12:26 - 29 خەزەڵوەر 2723

بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگی باس لە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی بیانی لە زانکۆکانی ئێران بەمەبەستی پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم لە وڵاتانی دیکەدا دەکات.

لەم فایلە دەنگییەدا، حەمیدڕەزا حەدادپوور بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی ناوەندی ڕێبەری لە زانکۆکان، وتوویەتی: زۆربەی ئەو خوێندکارانە لە وڵاتەکەی خۆیاندا منداڵی کەسانی کاریگەرن کە دواتر دەتوانن شوێنی باوکەکانیان بگرنەوە.

حەدادپوور باسی لەوە کردووە کە ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ لەلایەن عەلی خامەنەیی ڕێبەری ئێرانەوە و پاش چەند دانیشتنی تایبەت لە نووسینگەکەی دراوە.

بۆ ئەم کارە، ڕێژیم بڕیارە لەگەڵ ئەم کەسانە گرێبەست واژۆ بکات و بڕە پارەی ٥ تا ٩ میلیۆن تمەنیان پێ بدات.

ئامانجی ڕێژیم لەم کارە پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی خۆی لە ڕێگەی کەسانی بیانییەوەیە.

پێشتریش سەرچاوەکان باسیان لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت لە ڕێگەی پەروەردەی خوێندکار بەتایبەت میلیشیاکانی خۆیەوە، بۆ سیخوڕی و مەئموورییەتی تر لە وڵاتانی دەرەوە کەڵکیان لێ وەربگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا پێنج ساڵ لەمەوبەر خوێندکارێکی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی پاکستان، بە سیخوڕی کردن لە ناوەندی جوولەکەکان لە وڵاتی ئاڵمان بۆ سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران تۆمەتبار و دەسبەسەر کرا.