کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفیرانی هیدایەت گەڵاڵەی حیجابی زۆرەملێ جێبەجێ دەکەن

13:09 - 29 خەزەڵوەر 2723

محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە گەڵاڵەی حیجاب و عێفاف لە ڕۆژانی داهاتوودا، بۆ جارێکی دیکە ڕەوانەی شۆرای نیگەهبان دەکرێ.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە جێگری دووهەمی مەجلیس، پێشتر باسی لە جێبەجێکرانی ئەم گەڵاڵەیە کردبوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گرووپێکی نوێ لەژێر ناوی "سەفیرانی هیدایەت"، لە مێترۆکانی تاراندا، بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، ژنانیان خستوونەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئەم گرووپە جیا لە هۆشداریدان بە ژنان، وێنە و ڤیدیۆشیان لێ هەڵدەگرنەوە.

پێشتر گرووپێک لەژێر ناوی حیجاببانان ئەرکی چاوەدێری بەسەر ژنان و کچانیان لە ئەستۆ بوو.

لە دوای گیانلەدەستدانی ئارمیتا گراوەندەوە، ڕێژیم زیاتر لە پێش هەوڵی چاوەدێری بەسەر دۆخەکە بەتایبەت لە مێترۆکان و یەکە پیشەییەکاندا دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا، دەستی بە داخستنی ئەو یەکە پیشەییانە کردووە کە ژنان تێیاندا حیجابی دڵخوازی ڕێژیمیان ڕەچاو نەکردووە.