کانوونی نووسەرانی ئێران باسی لە چڕبوونەوەی سیستەمی سانسۆر و سەرکوت لە ئێراندا کردووە و ڕاگەیاندووە وەزارەتی ئێرشادی ڕێژیم، پەردەی لەسەر گەلاڵەیەک بە ناوی چاوەدێریی خەڵکیی بەرهەمە بڵاوکراوەکان لا داوە.
وەرزارەتی ئێرشاد لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامانجی ئەم گەڵاڵەی بەرزکردنەوەی ئاستی چاوەدێری بە سەر بەرهەمە بڵاوکراوەکان و ڕۆڵگێرانی زیاتری بەردەنگ ناو بردووە.
کانوونی نووسەرانی ئێران لە کاردانەوە بەم گەلاڵەیە ڕایگەیاندووە: هەرچەندە کە لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئێرشاددا هەوڵ دراوە کە ئامانجی سەرەکی لەم کارە لە پشتی کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەی جوان و هەستیار وەکوو باشترکردنی کوالێتی و زیاترکردنی ڕۆڵی بەردەنگەکان بشاردرێتەوە، بەڵام ئامانجەکە بە ڕوونی دیارە.
لە درێژەی نووسراوەکەدا باسیان لەوە کردووە کە سانسۆرکردن و لەنێوبردنی جیابیرەکان، فێڵی هەمیشەیی ڕێژیم بە مەبەستی سنووردارکردنەوەی ئازادی بووە و ئاماژەیان بە شۆڕشی فەرهەنگی وەکوو یەکێک لە جۆرەکانی ئەم سەرکوتە کردووە.
کانوونی نووسەران جەخت لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەم پیلانەی ڕێژێم جگە لە ئازاردانی زۆرتری نووسەر و خوێنەر هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نابێت، چونکە کۆمەڵگە زیاتر لە هەرکات خوازیاری ئازادیی هزر و دەربڕینە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەدوای هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێرانەوە، سانسۆری کتێبەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک تەشەنەی سەندووە.