کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک میلیۆن و نیو قوتابی لە خوێندن بێبەری کراون

17:53 - 30 خەزەڵوەر 2723

سەرەڕای نیگەرانییەکان بەنیسبەت بێبەریبوونی زیاتر لە یەک میلیۆن و نیو منداڵ لە خوێندن، ١٤ میلیۆن منداڵ لە بنەماڵەگەلێدا دەژین کە توانایی دابینکردنی خۆراکیان بۆ منداڵەکانیان نییە.

هادی مووسەی‌نیک کارناسی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم وتی: بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی ٤٥٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بەجێ ماون، و نزیک بە یەک و نیو میلیۆن منداڵیش لە لێواری وازهێنان لە خوێندندان.

وەزیری پێشووی پەروەردەی ڕێژیم بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم، ڕێژەی نەخوێندەوارانی ئێرانی، ٩٣٠ هەزار کەس ڕاگەیاندووە.

بەجێمان لە خوێندن زیاتر بە هۆی هەژارییەوە ڕوو دەدات و بنەماڵەکان توانایی دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانی خۆیان نییە.

زیاترین ئاماری ئەو کەسانەی کە لە خوێندن بەجێ دەمێنن، تایبەت بە ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانەیە کە کەمتر گەشەیان بەخۆوە بینیوە.

جیا لەوەی کە زۆربەی منداڵان بە هۆی هەژارییەوە ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، لە ناوچەگەلێکی وەکوو بەلووچستان، نەبوونی مامۆستا و قوتابخانە هۆکاری بێبەریبوونی قوتباییان لە خوێندنە.

شایانی باسە کە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ناوچە سنوورییەکان زۆر زیاتر لە ناوەندی ئێرانە و بەپێی ڕاپۆڕتەکان تەنیا پارێزگای بەلووچستان ١٥ لە سەدی بەجێماوان لە خوێندن لەخۆ دەگرێت.