کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری دوو هەیئەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێر

22:38 - 30 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢١ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ی زایینی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات، سەردانی کومیتەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتی کۆمەڵە بە سەرپەرستیی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، پێشوازییان لێ کرا.
کۆبوونەوەکە چەند تەوەری سەرەکیی لەخۆ گرتبوو، لەوانە هەلومەرجی ئێستا و بارودۆخی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێویستیی هاوئاهەنگی گشتگیر، پەیوەندیییەکانی هەر دوو حیزب و ڕوانینیان بۆ پرسە جۆراوجۆراکانی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان. هەر دوو هەیئەتی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ڕاشکاوانە سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر باس و بابەتەکان هێنایە بەر باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرد. 
لە درێژەی ئەم دیدارەدا، هەیئەتی ڕێبەرایەتیی هەر دوو لایەن جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاریی داهاتوویان بۆ یەکڕیزیی زۆرتر لە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەرژەوەندییە باڵاکانی کردەوە.
 دوای چوار کاتژمێر باسی چڕوپڕ، دوو لایەن بە لێکتێگەیشتنێکی زیاتر و بڕیار بۆ هاوکاری لەپێناو هاوئاهەنگی لە کەشێکی دۆستانەدا، کۆتاییان بە دیدارەکەیان هێنا.