بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕووسیە خەریکە خۆی بۆ هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئۆکراین ئامادە دەکات.
لەم هێرشەدا بڕیارە کەڵک لەو مووشەکانە وەربگیردرێت کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕادەستی ڕووسیە دەکرێن.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران خەریکی ناردنی مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە شەڕ دژی ئۆکراینە.
ڕێککەوتنی بەرجام لە چوارچێوەی چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا کۆمەڵێک بەربەستی دروست کردبوو، بەڵام ئەم سنووردارکردنە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵدا ماوەکەی بەسەرچوو هەر بۆیە تاران ڕێگرییەکی بۆ چالاکییە مووشەکییەکانی نییە.
لە کاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران خەریکی ڕادەستکردنی مووشەک بە ڕووسیەیە تاکوو لە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین کەڵکیان لێ وەربگرێ، ئەمیرعەبدوڵلاهییان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە لە دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، ئامریکا بەردەوام چەکوچۆڵی ڕادەستی ئیسرائیل کردووە.