جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئامریکا باسی لە چڕتربوونەوەی هەوڵەکان بۆ ئازادیی بە بارمتەگیراوانی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە کرد.
ڕویتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە حەماس بڕیارە ٥٠ کەس لە بارمتەگیراوان ئازاد بکات و لە بەرانبەردا ئیسرائیلیش ١٥٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی کە بڕیارە لە هەر دوولا ئازاد بکرێن، ژن و منداڵن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ٤ تا ٥ ڕۆژ ئاگربەست لە نێوان هەر دوو لایەندا ڕادەگەیندرێت تاکوو بارمتەکان، ئازاد بکرێن.
لەلایەکی ترەوە، نانسی فایزەر، وەزیری نێوخۆی ئاڵمان، داوای لە ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە کردووە هێرشە کوشندەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مەحکووم بکەن و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگەیەنن.